رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی چوارشەممەوە، د. حوسێن رابی، فیزیاناس لە سلێمانی دیارنەماوە. بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە." بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت، د. حەسەن رابی بە تۆمەتی تاوانی ئەلیکترۆنی دەستگیرکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێ شەوەوە خەریکی بەدواداچوونین، ئەمڕۆ لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداریان کردینەوە، کە لە ئاسایشی سلێمانی بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە."
دیاری محەممەد گوتی، ئەمڕۆ خێزانەکەی دەتوانن سەردانی بکەن و بە کەفالەت ئازادی بکەن. باسی لەوەش کرد: "لە بەدواداچوون بەردەوام دەبین."
هاوکات دیدار کامیل محەممەد، ناسراو بە دیدار شەهلە، هاوڕێی نزیکی د. حوسێن رابییە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوایین جار کاژێر 09:00ـی بەیانیی دوێنێ چوارشەممە، د. حوسێن پەیوەندیی بە سەرۆکی بەشەکەیەوە لە زانکۆی سلێمانی کردووە و گوتوویەتی کە فریای هەموو بەشەوانەکانی ناکەوێت و دەچێت فۆرمی 'هەژماری من' پڕدەکاتەوە."
بە گوتەی ئەو هاوڕێیەی، د. حوسێن لەو کاتەوە دیارنەماوە و مۆبایلەکەی داخراوە. دیدار شەهلە باسی لەوەش کرد: "ئێمە بەردەوام بووین لە گەڕان و بۆمان دەرکەوت کە لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە."
د. حوسێن رابی، خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵانێکی زۆرە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە و مامۆستای زانکۆی سلێمانییە.
د. یۆهان عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە دوێنێ شەو لە دیارنەمانی ئاگادارکراینەوە؛ ئەمڕۆ بەیانی زوو دەستمان بە گەڕان و لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئەوەی سۆراخی بزانین."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی گوتیشی: "دوێنێ لە زانکۆ وانەی نەبووە و نەهاتووە."
د. حوسێن رابی، مامۆستای بەشی فیزیایە لە زانکۆی سلێمانی و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆچوونی تایبەتی و سیاسیی خۆی بڵاودەکاتەوە، هەروەها هەندێک جار لە میدیاکانەوە وەکو فیزیاناس و شرۆڤەکاری سیاسی دەردەکەوێت.
هاوکات، خالید ماوەتی، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "د. حوسێن لە بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكانی ئاسایش سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كراوە، بە تۆمەتی تاوانی ئەلێكترۆنی لەسەر بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ