بەدواداچوونی رووداو؛ موەلیدەکانی سلێمانی بەگشتیی و زیاتر لە نیوەی موەلیدەکانی هەولێر کارناکەن

27-11-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی، جارێکی دیکە خەڵک پێویستی بە موەلیدەکانە. بەڕێوەبەری کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلیەکانی سلێمانی دەڵێت، گرێبەستیان هەڵوەشێندراوەتەوە و کار بە موەلیدە ناکەن. بەرپرسێک لە هەولێر دەڵێت، زیاتر لە نیوەی موەلیدەکان گرێبەستیان نەماوە.
 
کاژێر 11:30ـی شەوی چوارشەممە 26ـی 11، هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە زیاتر لە نیوەی بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە.
 
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حکومەت گرێبەستەکانی هەڵوەشاندینەوە و ئێمەش ئێستا ئامادەنین کار بە موەلیدەکان بکەین".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گوتی: "بە ئێمە گوترا موەلیدەکان لاببەن، خاوەن موەلیدە هەیە بەشێکی ئامێرەکانی فرۆشتووە چۆن کارەبا دابینبکات؟ ئێمە کارەبا بدەین کێ پارەمان پێ دەدات؟ چونکە کارکردنی موەلیدەیش تێچووی زۆرە".
 
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی هێرشەکەوە 80%ـی بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، نزیکەی 60%ـی خاوەن موەلیدەکان گرێبەستیان هەڵوەشاوەتەوە و ئامادەنین کارەبا بدەنە هاوبەشان".
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەو موەلیدانەی گرێبەستەکانیان هەڵنەوەشاوەتەوە پابەندن و لە شەوی رابردووەوە کاریان بە موەلیدەکانیان کردووە و بەردەوام دەبن.
 
لەبارەی سەنتەری شاری هەڵەبجەشەوە، سمکۆ سالار، قایمقامی قەزاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرێبەستی موەلیدەکان هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام ئەوەی هەیانبووە تاوەکو 30ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێ".
 
قایمقامی هەڵەبجە گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین موەلیدەکان کاربکەن و لانیکەم ئەو سێ رۆژەی گرێبەستیان ماوە دەبێت پابەندبن و کارەبا بدەنە خەڵک".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەشێکی موەلیدەکانی شاری دهۆک پەیوەندییان پێوەکراوە کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام روون نییە کە لەم دۆخەدا ئامادەن کارەبا دابین بکەن یان نا.
 
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆرەوە کەم بووەتەوە. 
 
جگە لە سەنتەری پارێزگاکان، لەو ناچانەی کارەبای پڕۆژەی رووناکی پێنگەیشتووە، کارکردنی موەلیدەکان بەردەوام دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.