سینەماکارێکی خەڵکی سنە لە بۆردوومانەکانی رۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستدا

27-12-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەنسور کەریمیان، دەرهێنەر و کامێرامانی خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە رۆژئاوای کوردستان سەرقاڵی دروستکردنی فیلمێک بوو، لە بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستداوە.
 
مەنسور کەریمیان لە ساڵانی رابردوودا بۆ دروستکردنی فیلم یان وەک وێنەگر سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە، بەڵام دوو ساڵە لەوێ نیشتەجێ بووە.
 
مەنسوور کەریمیان شەوی دووشەممە لە هێرشێکی سوپای تورکیادا گیانی لەدەستدا و یەکێک لە هاوڕێیەکانی دەڵێت، "لەگەڵ خێزانەکەی لە هەوڵداین تەرمەکەی بگەڕێنینەوە باشووری کوردستان و لەوێشەوە بۆ شاری سنەی بەڕێی بکەین."
 
بەگوتەی کەسێکی نزیک لە مەنسوور کەریمیان، "لەو هێرشەدا کە لە سوێدییەی سەر بە شاری دێرک کراوە، چەند کەسی دیکەش بریندار بوون کە ژمارەیەکیان خەڵکی شاری سنەن."
 
مەنسوور کەریمیان ساڵی 1984 لە شاری سنە لەدایکبووە. نزیکەی 20 ساڵ لە بوارە سینەماییەکان وەک وێنەگر، ئۆپەرەیتۆری کامێرا، یاریدەدەری دەنگ، یاریدەدەری کامێرا و فۆکسمان، گرووپی بەرنامەڕێژیی و دەرهێناندا کاری کردووە.
 
ئەو لە فیلم و دراماکانی بەختەوەران، قەتارچیان، کرێچییەکان، کەیلان، ئەلکادود لە بەغدا، تاڤا سۆر و ئەڤینا کورد، فیلمە درێژەکانی شەوی شایی و داردێلەکانێ، کورتە فیلمەکانی B+، فڕینی ماسییەکان و پاوەردا رۆڵی هەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە