رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ کەشتیی "ئێم ڤی هۆندیەس" کە چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتایە، گەیشتە کەناراوەکانی دوورگەی "تێنێریفی" ئیسپانیا و رێکارەکانی ناردنەوەی سەرنشینەکانی بۆ وڵاتەکانیان دەستیپێکرد.
کەشتییەکە نزیکەی کاتژمێر 5:30 خولەکی بەیانی، لە دوورەوە لە بەندەری گرانادیا لە ئیسپانیا بینرا، کە لەوێ خێمەی پزیشکیی تایبەت بۆ پێشوازیکردن لە سەرنشینەکان ئامادەکرابوو. سەرنشینەکان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و لە رێگەی "رێڕەوێکی تەواو جیاکراوە" دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانە.
رۆژی شەممە، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) گەیشتە دوورگەی تێنێریفی لە ئیسپانیا. ئامانجی گەشتەکەی تێدرۆس سەرپەرشتیکردنی گواستنەوەی سەرنشینانی کەشتیی گەشتیاریی (MV Hondius)ـە و هەوڵیش دەدات جیهان و دانیشتووانی ناوچەکە دڵنیا بکاتەوە، کە ئەمە پەتایەکی نوێی وەک "کۆرۆنا" نییە و مەترسییەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پەیامێکدا گوتی: دەمەوێت بە روونی بیبیستن و ببینن؛ ئەمە کۆرۆنایەکی نوێ نییە، مەترسییەکەی بۆ سەر تەندروستیی گشتی هێشتا نزمە."
دکتۆر ماریا ڤان کێرکۆڤ بەرپرسی ئامادەکاریی پەتازانی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند دوای دابەزینی سەرنشینەکان کە بینیان هیچ نیشانەیەکیان نییە، بە بەلەمی بچووک دەهێندرێنە کەناراوەکان و پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت، پێش ئەوەی بە گەشتی ئاسمانی بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
وردەکاریی تووشبووانی هانتاڤایرۆسی لەسەر کەشتی MV Hondius
8- کەس تووشبوون
3- کەس گیانیان لەدەست داوە
6- کەس پشتراستکراوەتەوە
2- گومانلێکراو
1- کەسیش باری تەندروستی مەترسیدارە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ