تەندروستیی سعودیە: ئەگەری گەیشتنی هانتاڤایرۆس بۆ وڵاتەکەمان زۆر کەمە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دەستەی تەندروستیی گشتیی سعودی (وقایە) رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان بە وردی چاودێریی نوێترین پێشهاتەکانی هانتاڤایرۆس دەکەن.
 
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵسەنگاندنیان کردووە و  ئاستی مەترسییەکان نزمن، ئەگەری گەیشتنی ڤایرۆسەکە بۆ سعودیه‌ زۆر کەمە، ئەمەش بەهۆی کاریگەریی سیستمکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، چاودێریی پەتایی، سەلامەتیی خۆراک و چاودێریکردنی دەروازەکانە."
 
"وقایە" دەڵێت، ئاگادارییەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیەتی بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لەنێو گەشتیاراندا، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا کە گەشتکردن زیاد دەکات، داواش دەکات پابەندی رێکارە خۆپارێزییە گشتییەکان بن کە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان.
 
هەروەها دەستەکە رێنوێنیی گەشتیارانی کردووە کە گرنگی بە سەلامەتیی خۆراک و ئاو بدەن، پاکوخاوێنیی کەسی رابگرن، خۆیان لە بەرکەوتن لەگەڵ قرتێنەرەکان و شوێنەکانیان بەدوور بگرن و زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و خۆیان لە پڕوپاگەندە و زانیاریی بێ بنەما بەدوور بگرن.
 
هانتاڤایرۆس یەکێکە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییە دەگمەنەکان و دەکرێت مەترسیدار بێت، زۆربەی کات لە رێگەی بەرکەوتن لەگەڵ دەردراوی قرتێنەرەکان وەک میز، پیسایی یان لیک، یان هەڵمژینی ئەو گەردیلانەی پێی پیسبوون بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. گواستنەوەی لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ باو نییە و تەنیا لە چەند حاڵەتێکی سنوورداردا تۆمارکراوە کە پەیوەست بووە بە جۆرێکی دیاریکراوی ڤایرۆسەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە