زانیاری لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لە سلێمانی؛ 'بەڵێنی زارەکی بە مامۆستایان دراوە'

27-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە سێ مانگ لە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە دەوام نەکراوە، بە گوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، هەموو ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەن سەرەتای ساڵی نوێ، خوێندن لەو ناوچانەش دەستپێبکاتەوە، کە بایکۆتیان تێدایە.
 
لە 13ـی ئەیلوولەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی 2023 - 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
 
هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام
 
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی شەممەی رابردوو لە شاری سلێمانی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان کۆبووەتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پەروەردە بە بەڕێوەبەری پەروەردەکانی گوتووە، ئەوان دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست و پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانی دامەزراو دەخەنە واری جێبەجێکردنەوە.
 
بەرپرسێکی پەروەردەی راپەڕین ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەکەدا بەڵینی نووسراو بە بەڕێوەبەری پەروەردەکان نەدراوە؛ ئەوەی هەبووە زارەکی بووە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی دەوێت."
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئاستی پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردە هەوڵێک هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن و جێبەجێکردنی دوو داواکاری مامۆستایان کە یەکێکیان پلە بەرزکردنەوەیە و ئەوی دیکەش دامەزراندنی وانەبێژ دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق."
 
سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لە بەشێکی هەرێمی کوردستان، بەڵام جگە لە چەند قوتابخانەیەکی سەنتەری شارەکان تەنیا بۆ قوتابیانی پۆلی 12، لە زیاتر لە 40%ـی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەوام دەستیپێنەکردووە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، لە ساڵی نوێدا ئەوان دەچنەوە قوتابخانەکان بۆ ئەوەی خوێندنی ساڵێکی قوتابییان بەفیڕۆ نەچێت، بەڵام مەرجێکیان هەیە. لەبارەی مەرجەکەشەوە گوتی، "ئێمە دەمانەوێت ئەو بەڵێنەی وەزارەتی پەروەردە داویەتی بخرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە و دەنگی لەسەر بدرێت؛ رێکارە کارگێڕییەکانی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە بۆ دوای جێبەجێکردنی بودجەش بێت کێشەمان نییە، ئەوەی گرنگە بکرێتە بڕیار و تەنیا بەڵێنی زارەکی نەبێت."
 
لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو لەو ناوچانەی بایکۆتیان کردووە چەندین گردبووەنەوە و ناڕەزاییان بەڕێوەبردووە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆیان کردووە، چەند جارێک قوتابیانیش لەگەڵ مامۆستایاندا بەشداریی ناڕەزاییەکانیان کردووە و لەگەڵ پشتیگیرکردنی داوای مامۆستایان، داوایان کردووە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دەستپێکردنی خوێندن لە سنوورەکانیان.
 
یەکێتی مامۆستایان: لەو شوێنانەی بایکۆتیان تێدایە خوێندن لە وەرزی دووەمەوە دەستپێدەکات
 
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لەبارەی هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی خوێندن لەو شارانەی بایکۆتیان تێدایە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەوڵێک هەیە بۆ ساڵی نوێ، خوێندن لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێبکاتەوە، بەڵام جارێ روون نییە بە چ شێوەیەک دەبێت، بەتایبەت کە وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی دێت."
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک؛ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران خوێندن ئاساییە، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی هەولێر دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن کراوە و لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
 
رێباز مەسعود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەهەند لە هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قوتابیانی پۆلەکانی یەک، دوو و سێ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمیان تەواو کردووە، ئەوەی ماوەتەوە پۆلەکانی چوار تاوەکو 11ـەیە و لە 3ـی مانگی داهاتووەوە دەست بە تاقیکردنەوەکانیان دەکەن."
 
تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی پۆلەکانی چوار بۆ 11 لە 3ـی مانگی 1ـی ساڵی 2024 رۆژانە جگە لە هەینی و شەممە کاژێر 08:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و لەماوەی نۆ رۆژدا بەڕێوەدەچێت؛ رێباز مەسعود گوتی، "لە هەموو قوتابخانەکان کارە کارگێڕییەکان تەواوکراون و لەکاتی خۆیدا تاقیکردنەوەکان بەڕێوەدەچن".
 
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، خوێندن لەو ناوچانەی بایکۆتی تێدایە دەستپێبکاتەوە لە وەرزی دووەمەوە دەستپێدەکات. گوتیشی، "هەرکاتێک خوێندن دەستیپێکردەوە دەبێت وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیارێک لەبارەی خوێندنی وەرزی یەکەم بدات، کە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.