رووداو دیجیتاڵ
لە شاری دیواندەرەی پارێزگای سنە، کێڵگەی "بووژانە" بە سیستمێکی پێشکەوتوو تەماتە بەرهەم دەهێنێت و هەلی کاری بۆ زیاتر لە 100 کەس رەخساندووە. بەشێک لە بەرهەمی کێڵگەکە هەناردەی هەرێمی کوردستان، رووسیا، ئیمارات و ئەورووپا دەکرێت.
کێڵگەکە رووبەرەکەی 10 هێکتارە و ئێستا لە 5 هێکتاریدا بەرهەمهێنان هەیە. شاروخ کەریمی، بەڕێوەبەری گشتیی کێڵگەی بووژانە ئاماژە بەوە دەکات، سەدان کرێکار و کارمەند لەو کێڵگەیەدا کار دەکەن و سەرچاوەی بژێوییان لەسەرە.
لە کێڵگەکەدا سیستمی ئاودێری و کۆنترۆڵکردنی پلەی گەرمی بە شێوازێکی مۆدێرن دانراوە. خەشایار کەریمی، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کێڵگەکە دەڵێت: "لێرە کەمترین ئاو بۆ ئاودانی تەماتە بەکاردەهێنرێت و سیستمی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوەش بە جۆرێک رێکخراوە کە بۆ بەرهەمەکە گونجاو بێت."
بێنهنام حوسێنی، کرێکاری بەشی تەکنیکی باس لە شێوازی کارکردنیان دەکات و دەڵێت، بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی کوالێتیی بەرهەمەکان.
بەڕێوەبەری کێڵگەکە روونیدەکاتەوە، چەندین جۆری جیاوازی تەماتە بەرهەم دەهێنن و جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، بەشێکی بەرچاوی بەرهەمەکان هەناردەی دەرەوە دەکرێت، لەوانە بۆ هەرێمی کوردستان (باشووری کوردستان) و وڵاتانی دیکە.
پارێزگای سنە بە ناوەندێکی گرنگی کشتوکاڵی دادەنرێت و ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار تۆن تەماتە بەرهەم دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ