رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکەش قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە.
ئێستا دەرگای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی داخراوە و مامەڵەی هیچ کەسێک رایی ناکرێت.
ئەفسەرێکی باڵا لە هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەهۆی دواکەوتنی مووچە، کارمەندان و ئەفسەرانی هاتووچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە."
بە وێنە؛ دروستبوونی قەرەباڵخییەکی زۆر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بەهۆی بایکۆتی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ مووچە
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 28, 2024
وێنەکان: نزار جەزا - رووداو pic.twitter.com/1LIcVA5z14
لە چەند تۆمارێکی ڤیدیۆیی نێو بەڕێوەبەرایەتییەکەشدا، کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، دەردەکەوێت کە کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی شوێنی کارەکانیان جێهێشتووە و کار ناکەن.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان رۆژانە داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەکەنەوە.
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و دیاریش نییە کەی مووچەی ئەم مانگە دابەش دەکرێت.
بایکۆتی کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی لە کاتێکدایە، لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەوامکردنی هاتووچۆکان ئاساییە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار مانگە خوێندنی ساڵی 2023 – 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی بایکۆتی بەشێکی مامۆستایانەوە تاوەکو ئەمڕۆ دەوام بە رێکوپێکی دەستی پێنەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ