رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 70%ی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستیان بە دەوام کردووەتەوە و خشتەیەکی نوێیان بۆ خوێندنی ساڵ داناوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-01-2024 عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە زیاتر لە 70%ی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەوام دەستیپێکردووەتەوە، رۆژ بە رۆژیش قوتابخانەی زیاتر دەکرێنەوە، چونکە لە هەموو لایەکەوە داوای پشتیوانی بۆ داواکانی مامۆستایان و دەستپێکردنەوەی دەوام دەکرێت."
ئەمڕۆ چوار مانگ و نیوە ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام بەشێکی مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە زۆرینەی قوتابخانەکانی نێو شارەکان دەوام ئاسایی بووەتەوە، لە بەشێکی گوندەکان قوتابخانە هەن تاوەکو ئەمڕۆ نەکراونەتەوە و لە هەندێک ناوچەش قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام تەواوی مامۆستایان دەوامیان نەکردووە.
لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت لە زۆرینەی قوتابخانەکان دەوام دەستیپێکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە شارەکانی سلێمانی، کەلار، هەڵەبجە و راپەڕین خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بەڕێوەچوو.
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە زۆر شار خۆپێشاندانی ناڕەزایی فراوان بەڕێوەچوو. راستە بەشێکی زۆری قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەتایبەت لە سلێمانی، بەڵام زۆرینەی مامۆستایان دەچنە قوتابخانە بۆئەوەی بە نەهاتوو هەژمار نەکرێن و ناچنە پۆلەکان و وانە ناڵێنەوە."
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و وەرزی دووەم دەستیپێکردووە.
لەبارەی چارەنووسی وەرزی یەکەمی خوێندنی ئەو سنوورانەی بایکۆتیان تێدایە، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی، خشتەیەکی نوێ دانراوە کە لە هەفتەی رابردووەوە وەرزی یەکەم دەستیپێکردووە و مانگی ئادار تەواو دەبێت؛ کۆتایی هەمان مانگ وەرزی دووەم دەستپێدەکات و 30ـی ئایاری 2024 کۆتایی بە خوێندن دێت.
یەکێک لە گوشارەکان بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان و ناچارکردنی مامۆستایان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەنەهاتوو هەژمارکردنی هەر مامۆستایەک بوو بەردەوام بێت لە بایکۆت.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ