رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی زانکۆی کۆبانی رایگەیاند، خواردن، سووتەمەنی و دەرمان لە شارەکە بەرەو نەمان دەچن و خەڵک لە دۆخێکی کارەساتباردا دەژین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-1-2026، شەرڤان موسلم، مامۆستای زانکۆی کۆبانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "خواردن لە کۆگاکانی کۆبانی نەماوە. بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما، پێویستیی بەپەلە بە سووتەمەنی، بەتانی و دەرمان هەیە."
بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریا، هەزاران کەس لە گوندەکانی کۆبانیوە بۆ نێو ناوەندی شارەکە ئاوارە بوون. شەرڤان موسلم گوتی: "ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گوندەکانی سەر رێگەی سەرەکیی M4 ئاوارەی شاری کۆبانی بوون؛ بەشێکیان لەنێو مزگەوت و قوتابخانەکاندا جێگیرکراون و بەشێکی دیکەیان لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە."
لە ماوەی رابردوودا 2 کاروانی هاوکاری لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەیێندرانە کۆبانی. بە گوتەی شەرڤان موسلم، "شیری منداڵان لەنێو هاوکارییەکاندا نەبوو، ئەمەش مەترسیی لەسەر ژیانی منداڵان دروستکردووە و ئەگەری ئەوە هەیە رووداوی گیانلەدەستدانی منداڵان بەهۆی سەرماوە زیاتر بێت."
کۆبانی لە 3 لاوە لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە گەمارۆ دراوە و لایەکی دیکەی شارەکەش هاوسنوورە لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیا؛ ئەو وڵاتەش رێگە بە هاتووچۆ بۆ شارەکە نادات. شەڕڤان موسلم گوتی: "سەرەڕای ئەوەی دووکان و بازاڕەکان کراوەن، بەڵام کەلوپەل کەمبووەتەوە و ئەوانەی کۆگاکرابوون، تەواو بوون؛ تەنیا هەندێک خواردنی قوتوونراو لە دووکانەکاندا ماون."
ژمارەیەک خوێندکاری شارەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی کۆبانی ماونەتەوە، کە بەهۆی گەمارۆی سەر شارەکەوە ناتوانن بگەڕێنەوە لای خێزانەکانیان. شەڕڤان موسلم، کە خۆی مامۆستای زانکۆی کۆبانییە، گوتی: "25 کوڕ و 15 کچ لە بەشە ناوخۆییەکان ماونەتەوە و زانکۆ بەپێی توانای خۆی پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات و بارودۆخیان باشە."
شاری کۆبانی بۆ ماوەی چەندین رۆژە لەلایەن هێزەکانی سووریاوە گەمارۆ دراوە و ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت لەسەر ئەو شارە بڕاون. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانە، رێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی قەیرانێکی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی لە کۆبانی رووبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ