رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتیی کوردستان دەڵێت، پارتی لەگەڵ ئەوەیە پرسی هەڵبژاردن تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی دیکە نەکرێت و لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن. هاوکات دەستپێشخەرییەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بە "ئەرێنی" وەسفدەکات و دەشڵێت: "ئومێد دەکەین ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و هێز و لایەنەکانی دیکەش بەردەوامبێت."
رۆژی سێشەممە 28-02-2023، د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "پێویستە وەکو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ناکۆکی زۆریشمان لەنێواندا هەبێت، پەیوەندیمان بەیەکەوە بمێنێت و بە یەک پاکێج سەیری هەموو پرسەکان نەکەین، لەبەرئەوەی خاڵی هاوبەشی زۆرمان هەیە و کێشەی ستراتیژی و زۆر گەورەمان لەنێواندا نییە."
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا گوتی: "پارتی وەکو پرەنسیپ لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا بکرێن و لەم پێناوەشدا ئامادەی دانوستاندن و دۆزینەوەی چارەسەریی هاوبەشە و چەندین دەستپێشخەریشی کردووە، بەڵام تێکەڵکردنی کەیسەکان وایکردووە پرسی هەڵبژاردنیش بە رووداوەکانی دیکەوە گرێبدرێت."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەستپێشخەرییەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردن و مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی بە دەستپێشخەرییەکی "باش" وەسفدەکات و دەڵێت: "ئومێد دەکەین ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و هێز و لایەنەکانی دیکەش بەردەوامبن بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن دوانەکەوێت و دەشبێت ئەمە لە چوارچێوەی میدیایی و راگەیاندن بچێتە قۆناخی جێبەجێکردن و کۆبوونەوەی رژدی لەسەر بکرێت."
لەبارەی پرسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان کە ئێستا یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: "پارتی پشتیوانی ئەوە دەکات کە مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پێکهاتەکانیش بینیمان لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سیستمی فرەبازنەیی بەڕێوەچوو، بەڵام بۆ پێکهاتەکان یەکبازنەیی پەیڕەوکرا، لە کۆتاییدا ئەم پرسە پەیوەندی بە خودی پێکهاتەکانەوە هەیە و دەبێ رەزامەندی ئەوانی لەسەر وەربگیرێت."
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەو لێدوانانە بە "بێ ئینسافی" ناودەبات کە پێیانوایە پارتی پێکهاتەکان لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت و دەڵێت: "ئەوە ستەمە بەرامبەر پارتی دەکرێت، پارتی قەبارە و بوونی لە هەندێک ناوچەی کوردستان بەهێزترە لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، کە لەم ناوچانەش زۆرینەی پێکهاتەکان نیشتەجێن و پەیوەندی مێژووییان لەگەڵی هەیە، ئەمە راستییەکە و پارتی دەستی نەبووە لە دروستبوونیدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ