پەروەردەی سلێمانی بۆ پەروەردەکانی سنوورەکەی: لە هەرکوێ ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبوو، بیکەنە پشوو

28-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە پەروەردەکانی سنوورەکەی دەکات، لە هەر شوێنێک ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبوو، بکرێتە پشوو.
 
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیدا هاتووە، "هەروەک پێشتر دەسەڵات درابووە بەڕێوەبەری پەروەردەکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان، لە هەر پەروەردەیەک ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بوو، لەپێناو پاراستن و سەلامەتیی گیانی خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران بکرێتە پشوو، لەبەر بوونی بای بەهێز و کڕێوەی بەفر."
 
بەفربارینەکەی سلێمانی لە راپۆرتی دوێنێی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیشدا نەبوو، کە رۆژی سێشەممە 27-02-2024 پێشبینیی کردبوو، لە 48 کاژێری داهاتوودا "ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت."
 
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 28-02-2024 بە رووداوی گوت، خێرایی با لە سلێمانی چالاک بووە و ناوە ناوەش گۆڕانکاری بەسەردێت، بۆیە بەهۆی بەفربارین و چالاکبوونی خێرایی باوە لە هەندێک شوێن شەختە دروستبووە و ئاستەنگی هاتووچۆ زەحمەت بووە، بەتایبەتی لە رێگەکانی دەرەوەی شار.
 
بەپێی پێشبینییەکانی رۆژی سێشەممەی کەشناسی، پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ چووارشەممە بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 13 پلە
سلێمانی: 11 پلە
دهۆک: 13 پلە
کەرکووک: 16 پلە
هەڵەبجە: 11 پلە
زاخۆ: 14 پلە
سۆران: 10 پلە
حاجی ئۆمەران: -2 پلە
گەرمیان: 16 پلە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە