رووداو دیجیتاڵ
بە واژۆی بەڕێوەبەری پەروەردەکانی ئەو سنوورانەی لەکاتی خۆیاندا خوێندنیان تێدا نەخوێندرا، ساڵنامەیەکی نوێ بۆ تاقیکردنەوەکانی ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دانرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، دوای کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە، ساڵنامەی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی قوتابیانی سنوورەکە دانرا.
بەگوێرەی ئەو نووسراوەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە، ساڵنامەکە بەمشێوەیەیە:
- ئەو ناوەندانەی لە دوای 09-01-2024 دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە، بۆ قۆناخەکانی 4ـی بنەڕەتی بۆ 12ـی ئامادەیی، تاقیکردنەوەی نیوەی وەرز لە 20 نمرە لە رێککەوتی 6ـی ئاداری 2024 دەستپێدەکات و لە 19ـی هەمان مانگ کۆتایی دێت.
- تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز بۆ قۆناخەکانی 4ـی بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی جگە لە 9ـی بنەڕەتی لە 19-05-2024 دەستپێدەکات تاوەکو 30ـی هەمان مانگ، کە لەسەر 60 نمرە دەبێت.
- پێویستە لە ماوەی 09-01-2024 بۆ 19-05-2024 دوو هەڵسەنگاندن ئەنجام بدرێت، هەریەکەیان لەسەر 10 نمرە لەلایەن مامۆستایانەوە.
- بۆ پۆلی 09ـی بنەڕەتی تاقیکردنەوەی وەرز لە 60 نمرە لە رێککەوتی 21-04-2024 دەستپێدەکات و 30ـی هەمان مانگ کۆتایی دێت.
- تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی لە 28-04-2024 دەستپێدەکات و 06-05-2024 کۆتایی دێت.
- هەڵسەنگاندنی کۆتایی وەرز بۆ بازنەی یەکەم لە رێککەوتی 14-15 و 16ـی ئایار ئەنجام دەدرێت.
- ئەو ناوەندانەی کە پۆلی 09ـی بنەڕەتی هەیە، پێویستە تاوەکو رۆژی 05-05-2024 نمرە بە رێژەی 40% داخل بکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە، 13ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو خوێندن لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەستیپێکرد، بەڵام لە ناوچەکانی دیکە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە تاوەکو ئەم مانگە خوێندن بە رێکوپێکی دەستی پێنەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ