کۆمیسیۆن لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

28-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند.
 
ئەو گوتی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان رێکدەخەن و تێیدا بەرچاو روونی تەواویان پێدەدەن لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کارەکانیان بێ گرفت و کێشە بکەن.
 
هەیمان تەحسین  گوتیشی، "38 پارتی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکراون؛ هەندێک لەو پارتانە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراون".
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن باس لەوە دەکات، ناکرێت هەموو ئەو پارتانە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بۆیە پێشنیازێکیان داوەتە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت بەشداریکردنی پارتەکان لەسەر بنەمای چالاکی سیاسی بێت، واتە "هەر پارتێک بارەگا و چالاکی سیاسی نەبێت، بەشداری هەڵبژاردن نەکات".
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەوە هەیە، هەیمان تەحسین دەڵێت، سێشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازیان کردووە لەنێوان 5 بۆ 10ـی حوزەیراندا هەڵبژاردن بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن. 
 
رۆژی 21ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیارى لەسەر چەند سکاڵایەک دا کە دژى چەند مادەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکرابوون. دادگەکە یەکێک لەو مادانەى بە نادەستوورى ناویبرد 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکان بوو لە پەرلەمانى کوردستان. 
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە