رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، تەرمێکیان دۆزیوەتەوە کە هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، "پێدەچێت" بە کاریگەری سەرما گیانی لەدەستدابێت، بەڵام پزیشکێک لە دادپزیشکی دەڵێت، هۆکاری دیکەی هەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە لە ئاگادارییەکەی پۆلیسی سلێمانیدا ئاماژە بەوە کراوە، تەرمێکی نەناسراویان لە رەگەزی نێر دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 45 بۆ 50 ساڵە، بەڵام هیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووە و نەیانناسیوەتەوە.
تەرمەکە لەنزیک مزگەوتی ناهیلە خاتوون لە شەقامی 60 مەتریی سلێمانی دۆزراوەتەوە. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەرمەکە هیچ شوێنەوارێکی ئەشکەنجە و گولـلەی پێوەنییە؛ پێدەچێت بە کاریگەری سەرما گیانی لەدەستدابێت. بۆ دڵنیابوونەوەش دادپزیشکی بڕیار دەدات".
پزیشکێک لە دادپزیشکیی سلێمانی بەهۆی رێکارە یاساییەکان ئامادە نەبوو هۆکاری مردنی ئەو کەسە بخاتەڕوو و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسە بەهۆی سەرماوە نەمردووە و هۆکاری دیکەی هەبووە".
پۆلیس وێنەی تەرمەکەی بڵاوکردووەتەوە. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، "رووداوەکە دوێنێ بووە، بەڵام تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسوکاری نەدۆزراوەتەوە".

ئێستا تەرمی ئەو پیاوە لە پزیشكی دادی سلێمانییە و پۆلیس داوا دەکات، هەر كەسێك دەیناسێت یان زانیاریی هەیە لەبارەیەوە پەیوەندی بكات بە بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە بە ژمارە (0533281723) یان سەردانی پزیشكی دادی سلێمانی بكات.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، "پێدەچێت ئەو کەسە خەڵکی قەزا و ناحیەکانی دەوروبەر بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ