کوردستان
کۆبوونەوەی هاونیشتمانییان لە ئیستەنبووڵ لە چاوەڕوانیی پەیامەکەی ئۆجەلاندا لە رۆژی 27ـی شوبات. وێنە: رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بارۆمیتەری کوردی، ئەنجامی توێژینەوەیەکی ناوەندی راوەست بۆ توێژینەوە و دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی کوردی، بڵاوکردەوە کە لە نێو هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان کراوە؛ توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر پرسەکانی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی، ناسنامە، زمان، کولتوور، کێشە و داواکارییەکانی کورد.
ئەنجامی بارۆمیتەری کوردی لەلایەن رۆژ گیرەسون، بەڕێوەبەری ناوەندی راوەست بۆ تویژینەوە و رێها روهاڤیۆغڵو، بەڕێوەبەری دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە سێیەمین رۆژی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بڵاوکرایەوە، کە ناوەندی رووداو بۆ توێژینەوە رێکیخستبوو.
دیمۆگرافیا دانیشتووانێکی گەنجتر پێشان دەدات
بەگوێرەی ئەنجامی بارۆمیتەری کورد، نزیکەی 20-25٪ـی دانیشتووانی تورکیا کورد، نزیکەی دوو لەسەر سێی هاونیشتمانییانی کورد لە تورکیا لە شارە کوردییەکانی باکووری کوردستان دەژین، یەک لەسەر سێشیان لە رۆژئاوای تورکیا دەژین. هەروەها ئەو هاونیشتمانییانەی کە لە رۆژئاوای تورکیا دەژین، لەدایکبووی ئەو شوێنانەن.
هاونیشتمانییانی کورد لە تێكڕای دانیشتوانی تورکیا گەنجترن، نزیکەی 60٪ـیان خوار تەمەنی 30 ساڵین. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەو هاووڵاتییانەی کە لە تورکیا دەژین و تەنیا 42٪ـیان تەمەنییان خوار 30 ساڵە.
ئەنجامی بارۆمیتەری کورد ئەوەش دەردەخات، چڕی خێزانی کورد بەراورد بە خێزانەکانی دیکە زیاترە. تێكڕای هەر خێزانێکی کورد لە باکووری کوردستان چوار کەسە، لەکاتێکدا تێكڕای ئەو خێزانانەی، کە کورد نین کەمترە لە سێ کەس.
دیدگەی کورد: دیموکراتخواز، نەتەوەپەروەر، ئایندار و ئاتاتورکی
لە ئەنجامەکەدا دەرکەوتووە هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان 40٪ـیان خۆیان بە دیموکراتخواز پێناسە کردووە، 30٪یشیان دەڵێن ئایندارن.
هەروەها 20٪ـی هاونیشتمانییانی باکوور رایانگەیاندووە. نەتەوەپەروەرن و 10٪ـیش خۆیان بە عەلمانی و ئەتاتورکی ناساندووە.
بەراورد بە تورک، هەستی نەتەوایەتی لەنێو کورد کەمترە. لەنێو ئەو کوردانەی کە بەشداری توێژینەوەکەیان کردووە، تەنیا 31٪ـیان هەستێکی نەتەوەیی بەرزیان هەبووە، بەڵام تورکەکان 60٪ـیان هەستێکی نەتەوەیی بەرزییان هەبووە.
زمان
بەشێک لە ئەنجامەکانی بارۆمیتەری کورد، پەیوەستە بە شارەزایی لە زمانی کوردی لەنێو هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان.
بارۆمیتەری کورد دەریدەخات، کەمتر لە 30٪ـی کوردی باکووری کوردستان دەتوانن بە کوردییەکی باش قسە بکەن، هەروەها ئەوەش دەردەخات کە 31٪ـی هاونیشتمانییان ئاستی قسەکردنی کوردییان مامناوەندە، 29٪ـیشیان بە کوردییەکی لاواز قسە دەکەن و زیاتر لە 9٪ـیشیان نە قسەی پێدەکەن و نە لێیشی تێدەگەن.
لەنێو هاونیشتیمانییانی باکووری کوردستان، کەمتر لە 30٪ـی مێردمنداڵان لەگەڵ دایک و باوکیان بە کوردی قسە دەکەن. هەروەها بەراورد بە نەوەکانی پێشوو، رێژەی قسەکردنی منداڵان بە کوردی 80٪ دابەزیوە.
ئەنجامی بارۆمیتەری کورد دەریخستووە، سەرەڕای گوشارەکانی سەریان، 80٪ـی هاونیشتیمانییانی کورد پێیانوایە دەبێت زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا جێگیر بکرێت و 90٪ـیشیان پشتگیری لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دامەزراوە گشتییەکان دەکەن.
پاڵپشیکردن لە پڕۆسەی چەکداران
بارۆمیتەری کورد لە سێ راپرسی جیاوازدا رای هاونیشتیمانییانی باکووری کوردستان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی وەرگرتووە.
بەگوێرەی ئەنجامەکەی 65٪ـی هاونیشتیمانیان بە رەهایی پاڵپشتی لە پڕۆسەی چەکدارانی پەکەکە دەکەن، هەروەها 20٪ـشیان پاڵپشتی لە پڕۆسەکە دەکەن، بەڵام رایانگەیاندووە کە تێبینی و نیگەرانییان هەیە.
هەروەها کەمتر لە 15٪ـی هاونیشتیمانیان رایانگەیاندووە کە ئێستا لەگەڵ چەکدانانی پەکەکە نین.
کێشەکان و داواکارییەکان
هاونیشتیمانییان باسییان لە کێشەکانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا کردووە و دەڵێن، کێشەکانیان بریتین لە نایەکسانی، نەبوونی دانپێدانانی دەستووری، بەشداری سیاسی، مافی قسەکردن بە زمانی دایک و چارەسەرنەکردنی پرس کورد.
73٪ـی ئەوانەی بەشدارییان کردووە دەڵێن، دەبێت منداڵانی کورد مافی خوێندنیان بە زمانی دایک هەبێت، 7٪ـیان داوا دەکەن ناسنامەی کورد لە دەستووردا ئاماژەی پێبکرێت، 60٪ـیان لەگەڵ ئەوەدان زمانی کوردی ببێتە فەرمی، 81٪ـیان داوا دەکەن شارە کوردییەکان لە رووی ئابوورییەوە بەرەوپێشەوە ببردرێن، 75٪ـیان داوا دەکەن دەسەڵاتی شارەوانییەکان زیاتر بێت و 60٪ـشیان لەگەڵ ئەوەدان کورد ئۆتۆنۆمی لە باکووری کوردستان هەبێت.
کولتووری باو
لە توێژینەوەکەدا رای هاونیشتیمانییانی لەبارەی مۆسیقا، فیلم، کۆنسێرت و خوێندنەوەی کتێب وەرگیراوە. 87.7٪ـی هاونیشتیمانییان رایانگەیاندووە کە گوێ لە مۆسیقای کوردی دەگرن؛ 49.2٪ـیان ئاماژە بەوە دەکەن، سەیری فیلمی کوردی دەکەن؛ 44.3٪ـیشا دەڵێن، بەشداری لە کۆنسێڕتە کوردییەکان دەکەن و 34.5٪ـی هاونیشتیمانیانیش رایدەگەیێنن کە کتێبی کوردی دەخوێننەوە.
ئەو پێنج هونەرمەندەی کە لەنێو هاونیشتیمانییانی باکووری کوردستان زۆرترین گوێگریان هەیە بریتین لە: ئەحمەد کایا، شڤان پەروەر، جوان حاجۆ، ئاینور دۆغان و مەم ئارارات.
لەبارەی جۆرەکانی خواردنیش، ئەو خواردنانەی کە هاونیشتیمانیانی باکووری کوردستان حەزی پێدەکەن خواردنە کولتوورییەکانن و لە ریزبەندی یەکەمدا دۆڵمە دێت و بەدوایدا هەریەکە لە کەباب، گۆشت، شلەی فاسۆلیا و قیمە، پاستا، کولێرە بە گۆشت و کفتە دێن.
هەستی نەتەوایەتی
لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوو لەسەر سێی بەشداربووانی راپرسییەکە هەستێکی بەهێزیان بەرامبەر بە ناسنامەی کوردی هەیە و کەمتر لە 15٪ـیان هەستێکی بێهێزیان بەرامبەر بە ناسنامەکەیان هەیە.
دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتی
توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتی لەنێو کورد روودەدات، کوردەکان جموجۆڵیان کەم دەبێتەوە. دانیشتوانی گوندەکان کەم بوونەتەوە، دانیشتوانی شارەکان زیادیان کردووە."
هەرچەندە بە دیاریکراوی ئاماژە بە ئاستی خوێندەواری لەنێو گەنجانی کورد نەکراوە، بەڵام توێژینەوە دەڵێت، تێکڕای ئاستی خوێندەواری لەنێو گەنجانی کورد خەریکە لە تێكڕای ئاستی خوێندەواری تورکیا نزیک دەبێتەوە.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "دینامیکی بە عەلمانیبوون لە کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیا بەهێزتر، خێراتر و قووڵترە لە تێکڕای تورکیا. لە پاڵ رەوتە جیهانی و تورکییەکەی بە عەلمانیبوون، کاریگەرییەکی بەهێزی سیاسەتی زاڵی [کوردی] لەسەر ئەم رەوتە هەیە."
هەروەها دەشڵێت: "نزیکەی 10 ساڵ پێش ئێستا دانیشتووانی کورد متمانە بەخۆتربوون و داواکارییەکانیان بە دەنگێکی بەرزتر دەکرد و زیاتر بەهیوا بوون بوون. ئەمڕۆ پێدەچێت سەرنجدان لەسەر سیاسەت، لەنێویاندا سەرنجدان لەسەر پرسی کورد کەمیکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ