هاتووچۆ لە دەروازەی حاجی ئۆمەران راگیرا و لە باشماخ ئاساییە

28-02-2026
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر داخرا و لە دەروازەکانی پارێزگای سلێمانی هاتووچۆ ئاساییە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دەروازەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لایەنی ئێرانی هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە راگرت".
 
مەریوان کەریم، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخیش لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەردەوامە".
 
هەر ئەمڕۆ پەیامنێری رووداو چووە دەروازەی شووشمێ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و رایگەیاند: "هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری بەردەوامە".
 
هەروەها عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی کێلێ سست بووە، تەنیا گەشتیاری ئێرانی دەگەڕێتەوە و گەشتیاری عێراقیش لە رۆژهەڵاتەوە دێنەوە".
 
عەباس عەزیز گوتی: "تاوەکو ئێستا رێگە نەدراوە بارهەڵگر لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە بچێتە ئێران".
 
بەهۆی جەنگەکەوە کە ئەمڕۆ 28ـی شوبات دەستیپێکرد، ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە رووی جووڵەی فڕۆکەدا داخران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە