رووداو دیجیتاڵ
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە. سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکات، نەچن خۆراک بە کۆ بکڕن و دەڵێت، "بەشی چوار مانگ خۆراک کۆگە کراوە و کەمترینیش لە ئێرانەوە هاوردە دەکەین."
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا ترانزێتەکانی خۆراک و پێداویستی هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە نایەن و لە بەندەی بەسرەوە دێن، بۆیە جەنگەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت."
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت، "لە ئێرانەوە تەنیا ئەو شتانە دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان کە ئێرانین، لە ئەگەری راگرتنی هاوردەکردنیشیان وڵاتی جێگرەوە هەیە و کاریگەریی زۆر نابێت."
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەی بەرهەمی هاوردەکراوی خۆراک بۆ هەرێمی کوردستان ئێستا لە تورکیاوە دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی ئەگەری درێژبوونەوەی جەنگەکەش سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێویست ناکات خەڵک نیگەران بن و بچن خۆراکی زۆر بکڕن، چونکە کۆگاکان خۆراک چوار مانگیان تێدایە و هەربۆیە جەنگەکە هیچ کاریگەری لەسەر نرخ نابێت."
بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، تەنیا دابەزینی بەهای دینار لە ئەگەری بەردەوامیی جەنگدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، جگە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کە بەرپرسێک بە رووداوی گوت "لە دیوی ئێرانەوە داخراوە" دەروازەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ