رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا لە هەولێر بە رووداوی گوت، "هێرش" کراوەتە سەر هەولێر. ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی بەریتانیاش رایگەیاند، "هێرشەکە بە مووشەک بووە."
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "هێرش هەبووە"، بەڵام ئامادە نەبوو زانیاریی زیاتر لەسەر جۆری هێرشەکە و چەکەکە بخاتەڕوو.
هەروەها بەگوێرەی چەند ڤیدیۆیەک کە تایبەت بۆ رووداو نێردراون، هێڵێکی دووکەڵ لە چەند ناوچەیەکی ئاسمانی هەولێر دەبیندرێت. لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا دەردەکەوێت، تەنێک بە ئاگرەوە دەکەوێتە خوارەوە.
هەروەها رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە "کوردستانی عێراق."
ئەمڕۆ جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران دەستیپێکرد. ئێران رایگەیاند، پێگە سەربازییەکانی ئەمریکای لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووەتەوە ئامانج.
پەیوەست بە جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە پەیوەندییەکەدا عەباس عێراقچی رایگەیاندووە، "ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی"؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاندووە، "بە تووندی" دژی زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "شەڕ رێگەچارە نییە بۆ پرسەکان."
هەروەها، شێروان جەلال، قایمقامی قەزای هەریر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو دەنگۆیەکی هەبوونی بۆردوومان رەتدەکەینەوە و سنوورەکەمان تەواو ئارامە."
ساڵانی رابردوو چەند جارێک بە پاساوی هەبوونی بنکەی سەربازیی هێرش کرایە سەر سنووری قەزای هەریر. قایمقامەکەی دەڵێ: "هیچ هێزێکی ئەمریکی لە ناوچەکەمان نییە."
ئەمڕۆ 28ـی شوبات، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران دەستیپێکرد و بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ