رووداو دیجیتاڵ
لە شاری قەسری شیرین شوانێک لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیدا، مینێکی پێدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
موراد باباخانی، جێگری قایمقامی شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان دەڵێت: دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە مینێکی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بە یەکێک لە کۆچەرییەکانی ناوچەی خان لەیلیدا تەقیوەتەوە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.
ئەو هاونیشتمانییە سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانی بووە.
رۆژی 26.03.2024یش لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ، دوو کۆڵبەر مین پێیاندا تەقییەوە و هەردووکیان بریندار بوون، یەکێک لەوان قاچی لە دەستداوە.
لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بە ملیۆنان مین لە ناوچە سنووریی و تەنانەت دوورتر لە سنووریشدا چێندراون.
حکومەتی ئێران پێشتر رایگەیاندووە، ناوچە مینڕێژکراوەکان پاککراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ساڵانە بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی پاشماوەی شەڕەوە، دەیان هاونیشتمانیی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان گیان لەدەستدەدەن یان بریندار دەبن.
لە پارێزگای کرماشان ساڵی 2002 بە بەشداریی بەرپرسان، رێوڕسمی پاککردنەوەی 700 هەزار هێکتار ناوچەی مینڕێژکراو بەڕێوەچوو.
بەشێک لە مین و تەقەمەنییەکان بەهۆی لافاو و خزینی زەوییەوە شوێنەکانیان گۆڕاوە، یان باران خۆڵی سەر مینەکانی لاداوە و وردە وردە دەرکەوتوون، بەمەش بوونەتە مەترسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ