وەزیری دەرەوەی رووسیا: نابێ دەستوەردان لە کاروباری عێراق دا بکرێت

28-03-2024
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و "دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ رووسیا کرایەوە". وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، "سەرنجیان خستە سەر بارودۆخی کوردستان و عێراق."
 
رۆژی پێنجشەممە، 28ی ئاداری 2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەتەوە. هەروەها دەشڵێت، "دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و رووسیا کرایەوە."
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا پابەندبوونی رووسیای بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکە دووپاتکردەوە لە رێگەی سیاسەتی دەستوەرنەدان لە کاروبار و سەروەرییەکانی عیراق، هاوکات "هەردوولا پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتییان لە عیراق و ناوچەکە دووپاتکردەوە."
 
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی یەکێتیی و وەزیری دەرەوەی رووسیا، "پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کورد و رووسیا تاوتوێکران و هەردوولا جەختییان لە پەرەپێدان و فراوانترکردنی کردەوە."
 
لەو کۆبوونەوەیەدا پافڵ تاڵەبانی گوتی، "پێویستە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان."
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرنجیان خستە سەر بارودۆخی کوردستان و عێراق بە گشتی. هەروەها، "هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەوڵەکان بە ئامانجی دڵنیاییدان لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عێراق، رێزگرتن لە دەستوور و رێگریکردن لە گۆڕانی ئەم وڵاتە فرەنەتەوەییە بۆ گۆڕەپانی جەنگ دەربڕی."
 
بەشێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەبارەی هێرشەکەی شەوی هەینی رابردووی مۆسکۆ و تێیدا سەرۆکی یەکێتیی "پرسە و هاوخەمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە گەل و وڵاتی رووسیا و جەختی لە پتەوکردنی هەوڵە جیهانییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری تووندڕەوی، هەماهەنگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات."

 

 
لە هێرشەکەی سەر مۆسکۆدا، چوار چەکدار خۆیان کرد بە هۆڵێکی کۆنسێرتدا لە باکووری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و کوژرانی زیاتر لە 137 کەس و برینداربوونی نزیکەی 100ی دیکەی لێکەوتەوە. هێرشکارەکان و حەوت کەسی دیکەش بە تۆمەتی بەشداریکردن لە هێرشەکە دەستگیرکراون. دواتر رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ‌هێرشەکە راگەیاند.
 
سێرگی لاڤرۆڤ، پێشتر چەندجارێک سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە، دوایین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان لە ئۆکتۆبەری 2019بوو، ئەوکات لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
لە 23-09-2023، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لە وەڵامێکی پرسیاری دیار کوردە، پەیامنێری رووداو بۆ رووماڵی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، "ئێمە پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق دەکەین."
 
رووسیا گرنگیی بە پرسە سیاسی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات، بەتایبەت سووریا، عێراق و فەلەستین. رۆژی 13-02-2024، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی هەوڵە سیاسییەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا قسەی کرد و گوتی، گفتوگۆکانی ئاستانە تاکە رێگەن بۆ ئەوەی قەیرانی سووریای پێ چارەسەر بکرێت.
 
لەبارەی جەنگی غەززەش گوتی، "روونە کە دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە کارەساتبارییە بدۆزینەوە. ئەمریکای هاوکاریشمان خەریکە فەلەستین و ئیسرائیل و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو کارەساتێکی گەورەتر دەبات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جێگری وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران سەردانی مهابادی کرد.

شاری پیشەسازیی مهاباد فراوان دەکرێت

جێگری وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران رایگەیاند، لە پلانێکیاندا رووبەری شاری پیشەسازیی مهاباد فراوانتر دەکەن و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو 80 هێکتار زەویی بۆ زیاد دەکرێت.