رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 28-03-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنيی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێگەیشت.
بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا سوودانی "بە تووندی" سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئهمڕۆ کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، "هەروەها ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی و پەرۆشیی سهرۆك نێچرڤان بارزانی بۆ بەهێزکردنی تەبایی لەنێوان هەموو عێراقییەکاندا کرد."
هەر لەوبارەیەوە سوودانی رایگەیاندووە، فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمى كوردستان دا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هاتووە، "جەختی لە پەرۆشیی حکومەتى فيدراڵ کردووەتەوە بۆ رێگری لە هەر لایەنێکی دەرەکی یان نێودەوڵەتی کە بیەوێت عێراق پەلکێشی ناو ململانێکانی ناوچەکە بکات، ههروهها دووپاتى كردهوه كه هەموو هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەخرێنەگەڕ."
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ههوڵهكانى حکومەتی فیدراڵیی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردووە.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئارامی کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ