رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵەکەی لە دهۆک کرد.
عەباس عێراقچی، رۆژی شەممە، 28ـی ئاداری 2026، پەیامێکی لە تەلەگرامی فەرمیی خۆیەوە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا وێڕای سەرکۆنەکردنی "کردەوە تیرۆریستییەکە"، هیوای تەندروستیی بۆ خواست.
هاوکات سوپای ئێران (ئەرتەش) سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، ئەم هێرشە "پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بێڕێزیکردنە بە ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان."
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "تەنیا پێشێلکردنی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو بەردەوامیی شەڕانگێزییەکانی خۆبەزلزانی جیهانی و زایۆنییەکانە دژی ئاشتیی ناوچەکە."
سوپای ئێران هۆشداریی داوە کە هاوپەیمانیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل "هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی جیهانی" و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانە.
ئەم هەڵوێستەی سوپای ئێران دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ، ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک بە درۆن کرایە ئامانج، جگە لە ئێران، لەسەر ئاستی نێوخۆیی و جیهانیش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ