رووداو دیجیتاڵ
دوو ھەفتەیە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی سێ کراوە لە دھۆک، بەڵام بەشێک لە ھاونیشتمانییان دەڵێن، "رۆنی شل بۆنی ماسی لێدێت"، بەڕێوەبەری دابەشکرنی خۆراکی دھۆکیش دەڵێت، ھیچ سکاڵایەکیان بەدەست نەگەیشتووە لەسەر رۆنەکە.
نیھاد حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی دھۆک بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە بەرپرس نین لە کوالێتی ئەو خۆراکانەی دابەشیان دەکەین، ئێمە تەنیا وەریان دەگرین و بەسەر بریکارەکان دابەشیان دەکەین."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی دھۆک گوتی، "لەسەر ئەو بابەتە قسەمان لەگەل بەشی کڕین و فرۆشتن کردووە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق و پێیان راگەیاندین کە بۆ ئەم مانگە 50٪ـی پێکھاتەی رۆنی شلمان کردووە بە فسۆلیا کە بۆنەکە ھی ئەم پێکھاتەیەیە."
نیھاد حوسێن هەروەها دەشڵێت، "ئەم مانگە لەپێناو باشترکردنی کوالێتی رۆنەکە وەزارەتی بازرگانی عێراق گۆڕانکاری لە پێکھاتەی رۆنەکە کردووە بە بۆنەی مانگی رەمەزان کە پێشتر 10 بۆ 15٪ـی پێکھاتەکەی فسۆلیا بووە."
لە 8ـی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی سێ کراوە لە دھۆک و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، پارێزگای دهۆک مانگانە پێویستی بە ھەزار و 174 تۆن رۆنی شل ھەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ