رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە بەشێک لە کوردانی ئێزدی لە بەردەم مزگەوتی رەحمان لە شنگال دژی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە خۆپێشاندانیان کرد، بەشێکی موسڵمانانیش دەڵێن، هێرشکراوەتە سەر مزگەوتەکە و سووتێندراوە.
جگە لە حیزبە ئیسلامییەکان، وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان ناڕەزاییان دەربڕی. ئەوقاف رایگەیاند، هێرشەکە کەسییە و پەیوەندیی بە هیچ ئایینێکەوە نییە. یەکێتیی زانایانیش داوایکرد، تۆمەتبارەکان دەستگیربکرێن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای موسڵ بە یاوەریی شاندێک چووە نێو مزگەوتی رەحمان لە شنگال و دواتر لەبەردەم مزگەوتەکەدا باسی رووداوەکەی کرد.
لیوا ئیلیاس، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای موسڵ گوتی، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وا بڵاوکراوەتەوە کە یەکێک لە مزگەوتەکانی قەزای شنگال سووتێندراوە، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی راستی نییە، داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین ورد و هۆشداربن لە گواستنەوەی زانیارییەکان و هەواڵ لە سەرچاوە دروستەکەیەوە وەربگرن و کلیلی خێر و نغرۆکەری شەڕ بن. رۆڵەکانی پارێزگای نەینەوا و گەلی عێراق هاوکارن لەنێوان خۆیاندا و یەکدییان خۆش دەوێت، هەموو ئەو بیروباوەڕ و بابەتانە رەتدەکەنەوە کە لە دەرەوەی یاسان و هەوڵدەدەن بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لەنێو رۆڵەکانی گەل و رۆڵەکانی پارێزگاکە".
ئێزدییەکان هێرشی سەر مزگەوت و سوتاندنیان رەتکردەوە، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شنگال و ئێزدییەکان، موسڵمانان دەرگەی مزگەوتەکانیان بۆ کردوونەتەوە و کەمتەرخەمییان نەکردووە. گوتیشی، لە ئەخلاقی ئێزدییەکاندا نییە مزگەوت بسووتێنین و هێرشی بکەنەسەر.
ناڕەزایی ئێزدییەکان دوای ئەوەهات، کە 40 خێزانى ئاوارەى عەرەب گەڕانەوە شنگال و ئێزدییەکان دەڵێن: یەکێکیان ناسیوەتەوە کە ئەوکاتەى داعش شارەکەى کۆنترۆڵ کردووە، هەڕەشەی لە ئێزدییەکان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ