رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ئامێدی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە خاڵێکی سەربازی پێشمەرگەدا تەقاندەوە و سێ پێشمەرگە بریندارن.
رۆژی دووشەممە، 28ی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە گوندی بلاڤەی سنووری ئامێدی، خۆی بە خاڵێکی سەربازی هێزەکانی پێشمەرگەدا تەقاندووەتەوە، بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە برینداربوون."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "ئەو خاڵە سەربازییە نوێیە دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە دروستیان کردووە، کاتێک درۆنەکە هێرشی کردووە، پێشمەرگەکان تەقەیان لێکردووە، بەڵام لەناو خاڵە سەربازییەکە تەقیوەتەوە."
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی بە رووداوی راگەیاند، "پێشمەرگە سەرقاڵی دروستکردنی خاڵێکی سەربازی بوون، لەو کاتەدا پەکەکە درۆنێکی ناردووە بۆ چاودێری، کە دەچێتە سەر ئەو بنکەیە، لە شوێنێکی نادیارەوە تەقەی لێکراوە، نەک لەلایەن پێشمەرگەکان."
بە گوتەی کامەران عوسمان، بارەگایەکی تورکیا لەو ناوچەیە هەیە و بەسەر بنکەکە دەڕوانێت، پێدەچێت لەلایەن ئەو بارەگایەوە تەقەی لێکرابێت، بەو هۆیەوە درۆنەکە، کە بۆمبڕێژکراو بووە، تەقیوەتەوە و زیانی گیانی هەبووە.
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، تەندروستیی ئەو سێ پێشمەرگەیە باشە و برینەکانیان سووکن.
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئامێدی باسی لە بیستنی چەند دەنگێکی دیکەی تەقینەوە بەهێز کرد لە سنووری گوندی بلاڤەدا.
رووداو ناسنامەی دوو لەو پێشمەرگانەی کە بریندار بوون دەستکەوتووە، یەکێکیان ناوی سەردار محەممەد سەلیم، خەڵکی پارێزگای دهۆکە و ئەوەی دیکە شەهاب ئەحمەد محەممەد، خەڵکی قەزای ئاکرێ ـیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ