باڵیۆزی عێراق لە ئوردن: شا عەبدوڵڵای دووەم پێداگر بوو سەردانی کوردستان بکات

28-04-2025
پەیمان محەممەد
عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژ.
عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
باڵیۆزی عێراق لە ئوردن دەڵێت، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ عەممان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتەکە هەیە. گوتیشی، ''دانانی ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق لە وڵاتێکی عەرەبی، نیشانەیەکی باشە بۆ گرنگیدان بە هەرێمی کوردستان.''
 
رۆژی یەکشەممە 27-04-2025، نێچیرڤان بارزانی بە یاوەریی شاندێک گەیشتە عەممان و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم و بەرپرسانی باڵای شانشینی ئوردن کۆبووەوە. عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''سەردانەکە بەهێزکەری پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتەکەیە، چونکە لەسەر ئاستێکی زۆر باڵا پێشوازی لێکرا.''
 
عومەر بەرزنجی ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن باسی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دانانی چارەسەر، بیرکردنەوە لە ئاشتی و ئاسایش، هەروەها پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتە کردووە.
 
باڵیۆزی عێراق لە ئوردن ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو لا پێداگر بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئاسایشی ناوچەکە پارێزراو بێت و شەڕ لە ناوچەکە بچووک بکرێتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر تەشەنە نەکات.
 
بەگوتەی عومەر بەرزنجی، ئوردنییەکان دڵخۆشن بەوەی کە باڵیۆزی عێراق لە شانشینی ئوردن کوردە، ''کاتێک رۆژی یەکەم سڵاوی کوردستان و عێراقم بە جەلالەتی مەلیک گەیاند، پێداگر بوو لەسەر ئەوەی سەردانی کوردستان بکات.''
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن:
 
رووداو: کۆبوونەوەکانی دوێنێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای ئوردن چۆن بوو و باسی چی کرا؟
 
عومەر بەرزنجی: من بەو شێوەیە باسی دەکەم، ئەگەر بڵێین ئەو باسەی دوێنێ بکەینە پێنج بەش، بەشی یەکەم و پێنجەمی پێشوازی و ماڵئاوایی (تەودیع) لە فەخامەتی سەرۆک کاک نێچیرڤان بارزانی بوو کە هاتنەکەی بە شێوەیەکی زۆر گرنگ بوو و ئەمیر عەلی برای جەلالەتی مەلیک خۆی پێشوازی لێکرد لەبەر دەرگەی فڕۆکەکەوە، پێشوازیی شەرەف کرا  و لەوێوە بەڕێکەوتین بۆ لای جەلالەتی مەلیک.
 
سەرەتا دانیشتنێکی دووقۆڵی لەنێوان هەردوو بەڕێزان فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و جەلالەتی مەلیک، عەبدوڵڵای دووەم یەکەم کۆبوونەوە بوو. دواتر لە کۆبوونەوەی تایبەتی خۆیان هاتنە دەرەوە و زۆر بە دڵخۆشی، شوێنێکی نانخواردن ئامادە کرابوو، بۆ هەردوو شاندی عێراق و کوردستان کە بە شاندی عێراق و کوردستان دادەنرێت و [سەردانەکە] بەهێزکەری پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئوردنە، چونکە لەسەر ئاستێکی زۆر گەورە ئەو پێشوازییە کرا و رێزلێگرتنی زۆر گەورەی تێدا بوو.
 
رووداو: گرنگیدانەکان چی بوون؟
 
عومەر بەرزنجی: ئەو گرنگیدانەی شای ئوردن بە پێشوازیکردن لە فەخامەتی سەرۆک لە دەرگەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە و بەو شێوەیە بە پێشوازییەکی زۆر شاهانە کە بۆ هەموو سەرۆکێکی گرنگی جیهان دەکرێت و لە ماڵئاواییەکەشدا بەهەمانشێوە، ئەمە خۆی نیشانەکەی گرنگیدان بوو. دواتر لە دانیشتنی نانخواردنەکەشدا کە شاندەکە دانیشتبوون، هەموو کێشەکانی ناوچەکە باسکران.
 
رووداو: پێکەوە نانیان خوارد؟
 
عومەر بەرزنجی: بەڵێ نیوەڕۆ نانخواردنەکە لەسەر هەمان خوان بە بانگهێشتی جەلالەتی مەلیک عەبدوڵڵا بوو.
 
رووداو: کۆبوونەوەکانیان لەسەر چی بوو؟
 
عومەر بەرزنجی: بێگومان هەندێک شت باس دەکەم و هەندێک شت هەیە کە دەبێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان خۆیان وردەکارییەکەی بڵاوبکاتەوە، من ناچمە نێو وردەکارییەوە، بەڵام ئەوەندە دەڵێم، ئەمە پەیوەندییەکانی بەهێز کرد، باسی پرسەکانی ناوچەکە کرا، دانانی چارەسەر، بیرکردنەوە لە ئاشتی و ئاسایش، هەروەها زۆر بابەتی دیکە کە جیا لە پەیوەندیی سیاسی، پەیوەندییەکی ئابووری هەیە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا و ئەمە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئوردنە. چونکە هەرێمی کوردستان بە دەستوور هەرێمێکە لە عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاتێک جەنابیان تەشریف بێنێت، ئەوە واتایەکی زۆر دەگەیێنێت لەبەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە. 
 
لەو دانیشتنەدا جەلالەتی مەلیک، ئەمیر عەلیی برای، وەزیری دەرەوە، چەند کەسایەتییەکی ئەوان، هەروەها شاندی فەخامەتی سەرۆک و یاوەرانی جەنابی، کاک فەوزی هەریری، کاک فەلاح، کاک دڵشاد و ئێمە [بووین]. لەسەر خوانەکە هەم بۆ نانخواردن و هەم بۆ دانیشتنێکی زۆر بەهێز ئەمەش تەوەرێک بوو؛ تەوەرێکی دیکەیش کە چوون بۆ وەزارەتی دەرەوە و خۆشحاڵی دەربڕینی وەزارەتی دەرەوە بەم سەردانە گرنگە، بەتایبەتی سەرۆکی کۆمەڵەی عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوە، پێشتر کۆنسووڵی گشتی بووە لە هەولێر کە زۆر شارەزا بوو لە کورد و کوردستان و بە باشی سەرکردایەتیی کوردی دەناسی، ئەوە بێگومان کاری لەسەر کراوە و ئەو کەسە لە پلەی یەکەمدا گرنگی بە پەیوەندیی ئوردن و عێراق دەدات؛ عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بێگومان بریکاری وەزارەت دانیشتبوو و سەرۆکی ئیدارەی مەڕاسیم و کۆمەڵێک کەسی دیکە، دانیشتنێکی چڕ و پڕ هەبوو و باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و زیاتر بەهێزکردنی کرا.
 
رووداو: گفتوگۆ لەسەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرا؟ هیچ رۆڵێک هەیە کە هەرێمی کوردستان بۆ ئاگربەست و ئاشتی بیگێڕێت؟
 
عومەر بەرزنجی: ئەوەی کە من بیڵێم، چونکە حەز دەکەم هەندێک شت جێبهێڵم، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەوانەیە خۆیان راگەیێندراو دەربکەن و شت بڵێن، با من ئەوەندە بڵێم، هەردوو لا پێداگر بوون لەسەر ئەوەی کە ئاسایشی ناوچەکە پارێزراو بێت، ئوردن عەقڵ و حیکمەتێکی باشی تێدایە بۆ ئەوەی ئەو شەڕە، ئەو ئاگرە بچووک بکرێتەوە و زیاتر تەشەنە نەکات و کوردستانیش هاوڕا بوون لەگەڵ ئەوە.
 
رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ ئەمە چی بکات؟
 
عومەر بەرزنجی: هاوڕا بوون لەسەر ئەم بابەتە کە ئاشتی بەرقەرار بێت و ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە پارێزراو بێت، شت بە شەڕ و بە ئاژاوە چارەسەر نەکرێت، بەڵام وەکو گوتم، من رادەیەکی دیاریکراو لە وردەکارییەکان باس دەکەم، ناچمە نێو هەموو وردەکارییەکان، چونکە بۆ ئەوەی جێدەهێڵم کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەوانەیە خۆی راگەیێندراو دەربکات، شتی خۆی بڵێت، پێویست ناکات من لەوبارەوە بچمە هەموو باسێکەوە، بۆیە لە وەزارەتی دەرەوەش جەخت لەوە کرایەوە.
 
وەکو گوتم تەوەرێکیش ئەوە بوو کە ئێمە بەختەوەر بووین بەوەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەورەی کردین لە ماڵەوە سەردانی کردین، ئەمە دووبارەیە، لە قەتەریش هەر هەمان شت کە تەشریفیان هێناوە بۆ ماڵەوە، لەگەڵ خێزانی ئێمەدا و، ئەوە شانازی و فەخرێکی گەورەیە و ئەوە نیشانەیەکە لەوەی کە باڵیۆزی عێراق نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات بە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
 
من جگە لەوەی کە باڵیۆزی عێراقم، باڵیۆزێکی کوردیشم، ئەمەش خۆی جارێکی دیکە هێڵێکی دیکە بوو کە من پێموایە ئوردنییەکان دڵخۆشن بەوەی کە ئەمجارە باڵیۆزی عێراق لە شانشینی ئوردن، کوردە.
 
رووداو: پەیوەندییەکی بەهێزیش هەیە لەنێوان ئوردنییەکان و کورد؟
 
عومەر بەرزنجی: بەڵێ. بێگومان پەیوەندییەکان رۆژ بە رۆژ لە پەرەپێداندایە، پەیوەندیی نێوان ئوردن و کوردستان وەکو پارچەیەکی گرنگ لە عێراق کە سیستمێکی فیدراڵی هەیە، هی ئەمڕۆ نییە زۆر کۆنە و جەنابی سەرۆک کاک مەسعود بارزانی بناخەکەی دامەزراندووە، هەمان شت کاتی خۆی کە فەخامەتی سەرۆک مام جەلالی رەحمەتی ئەویش پەیوەندییەکی بەهێزی هەبوو؛ لەبەر ئەوە ئێستاش سەرۆکەکانی عێراق و سەرکردەکانی عێراق پەیوەندییان بەهێزە و ئەوەندەی من ئاگادارم هەموو سەرککۆمارەکانی عێراق لە مام جەلالەوە بۆ جەنابی بەرهەم ساڵح، د. فوئاد مەعسووم و ئێستا بۆ جەنابی لەتیف رەشید وەکو سەرۆکی عێراق. وەکو سەرۆکوەزیرانەکانیش هەڵبەت پەیوەندی بەهێزە و من لێرە بووم تەشریفیان هێناوە و وەزیری درەوەی عێراق، بێگومان کەسێکی بە توانایە کە پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە و پەیوەندییەکانی کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر ئەم ئاشتییە، ئێستاش تانجی لەسەر نرا، بە سەردانێکی گەورەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن. بە رێزێکی زۆرەوە وەرگیرا، ئەوەی کە دەشبینم لە هەرێمی کوردستان زۆر بە گرنگییەوە وەرگیراوە و بۆ کورد شتێکی باشە. 
 
دانانی ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق لە وڵاتێکی عەرەبی کە ئێستا دەتوانم بڵێم لە پێشی پێشەوەی وڵاتە عەرەبییەکانە بۆ گرنگی؛ کە ئاڵای کوردستان دانراوە هەر لە فڕۆکەخانەوە تاوەکو لای جەلالەتی مەلیک و وەزیری دەرەوە، بێگومان ئەمە دووبارە بووەوە لە قەتەریش؛ من لەوێ بووم کە پێشوازیمان لە  جەنابیان (نێچیرڤان بارزانی) کرد و پێشوازیمان لە جەنابی کاک مەسرور، سەرۆکوەزیرانیش کرد، بە هەمانشێوە بوو، هەروەها لە ئیمارات و لە شوێنی دیکە.
 
بەخۆشییەوە رۆژێک پێشتریش چووبووە ڤاتیکان کە من پێشتر لە ڤاتیکانیش باڵیۆز بووم، ئەو بەشدارییەشی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەکو سەرۆکی شاندی عیراقی، ئەوانە هەموو نیشانەی باشن، ئێمە هیوادارین پەیوەندییەکان لەنێو خۆمان لە عێراق، لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەهێز بێت و بەپێی دەستوور هەموو کەسێک مافی خۆی وەربگرێت، هەروەها ئەم پەیوەندییە لەگەڵ دەرەوە ئەمە هاوسەنگییەکی جوانە، جاری وا هەیە، کەسێک لە بەرپرسیارێتیی ناوەندییەوە دەچێت بۆ شوێنێک، هەروەها جاری وا هەیە کەسایەتییەک لە سەرکردایەتیی کوردی دەچێت، کە ئەمە بێگومان هاوئاهەنگییەکی جوانە و ئامانجی باشی دەبێت و من دڵخۆش بووم بەم سەردانە و پێموایە داهاتوویەکی باشی دەبێت، بەتایبەتی لەڕووی وەبەرهێنان و لەڕووی ئابووریی بەگشتی و شتی دیکەی جیا لە بازرگانی، تەنانەت شتی پزیشکی و نەخۆشخانە، چونکە ئوردن ناوبانگێکی باشی هەیە لە بواری پزیشکی، هەروەها لە عێراقیشەوە باسی وزە و نەوت و ئەوانە باسێکی گرنگە بۆ ئوردن. بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندییەکانی عێراق و ئوردن پەیوەندییەکی باشن و ئەم سەردانە پێموایە پەرەیەکی زۆری بە پەیوەندییەکان دا.
 
کاتێک چووم بۆ خزمەتی جەلالەتی مەلیک لە رۆژی یەکەم هەر لەوێ سڵاوی عێراقیش و کوردستانیشم پێگەیاند و جەلالەتی مەلیک پێداگر بوو لەسەر ئەوەی سەردانی کوردستان بکات.
 
رووداو: سەردان دەکات بەمزووانە؟
 
عومەر بەرزنجی: نازانم، بەڵام ئەو باسەی کرد.
 
رووداو: واتا بڕیاری داوە سەردانی هەولێر بکات؟
 
عومەر بەرزنجی: ئەو قسەیەی کرد کە حەز دەکات، بەڵام کەی پلانی بۆ دادەنرێت و کەی جێبەجێ دەکرێت ئەوە من ناتوانم لەوە زیاتر شتێکی لەسەر بڵێم. بەڵام لانیکەم من ئەوەم لە خۆی بیست کە حەزی دەکرد. بێگومان سەردانی کوردستان بەو شێوەیەیە کە هەر کەسێک دێت بۆ کوردستان، سەرەتا دەچێت بۆ بەغدا. ئاگامان لێیە زۆر جار، سەرۆککۆمارەکان، سەرۆکوەزیرانی وڵاتان کە دەیانەوێت بێن، سەرەتا دەچن بۆ بەغدا دواتر دێن بۆ کوردستان، ئەمە شتێکی ئاساییە و نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە دۆخێکی باشمان هەیە لەڕووی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی جیهانەوە و عێراق پێگەیەکی گەورەی هەیە.
 
رووداو: زۆر سوپاس.
 
عومەر بەرزنجی: زۆر سوپاس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی کەلار

کارەبای گەرمیان: پێدانی کارەبا بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و زیادبوونی خواست، پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بەهۆی "نەبوونی نەختینە"ـەوە کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی سنوورەکە وەستاوە.