رووداو دیجیتاڵ
دەستپێشخەریى بانکى ناوەندیى عێراق بۆ قەرزی درێژخایەن بۆ دانانى پانێڵى وزەى خۆر هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئەو دەستپێشخەرییە لە 19ى ئەیلوولى 2024ەوە لەلایەن وەزارەتى کارەباوە جێبەجێ کرا، ئامانجى کەمکردنەوەى گوشارە لەسەر تۆڕى کارەباى نیشتمانى و کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لە عێراق.
بانکى ناوەندى پارە دەداتە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و ئەوانیش دەیدەنە هاووڵاتییان بۆ کڕین و دانانى ئەو پانێڵە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییەى بانکى ناوەندى، هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە و چەند بانکێک داواکارییان پێشکێش کردووە بۆئەوەى بەشداربن.
قەرزەکە بۆ خانوو یان پڕۆژە دەبێت و بڕی پارەکەى لەنێوان 7 بۆ 30 ملیۆن دینار دەبێت. بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی رایگەیاند، بانکى ناوەندى بە سوودى 1.5% پارەکە دەداتە بانکەکان، ئەوانیش بە سوودى 4% بۆ 4.5% دەیدەنە هاووڵاتییان بۆ کڕینى ئەو پانێڵە، کە درێژخایەنە و بۆ ماوەى 5 ساڵە.
ماوەى پارەدارکردنى بانکەکان لەلایەن بانکى ناوەندییەوە 7 ساڵە، لەگەڵ ئەگەرى درێژکردنەوەى بۆ ماوەى 6 مانگى دیکە.
ئەو کۆمپانیایانەى پەسند کراون بۆ دابینکردنى ئەو سیستمە لە عێراق، بریتین لە کۆمپانیاکانى ئەزوا، حەدبا، تەنویر، حوڕە، هەندەسە، کەسک، بنمور و عیز. سەروەت جاف گوتى، "دەرفەت هەیە بۆ زیادبوونى ئەو کۆمپانیایانەى رێگەپێدراون پانێڵى وزەى خۆر بە قەرز دابین بکەن."
بەگوێرەى رێنوێنییەکى بانکى ناوەندیى عێراق، کە دەست رووداو کەوتووە، دوایین بڕى رێگەپێدراوى قەرزى بانکەکان بۆ ئەو پانێڵانەى لە خانوو یان پڕۆژەى بچووک دادەنرێن، 7 ملیۆن دینارە و ئەو پانێڵەى بەو پارەیە دەکڕدرێت تواناى هەیە 11 ئەمپێر کارەبا بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ