کۆنسووڵی ئەمریکا: دەمانەوێت پێشمەرگە لەژێر فەرمانی حکومەت بێت نەک حیزب

28-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت، ئامانجیانە پێشمەرگە "لەژێر فەرمانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، نەک حیزبە سیاسییەکان."
 
رۆژی دووشەممە لە هەولێر، وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوکاریی رێکخراوێکی ناحکومیی ئەمریکی، وەگەڕخستنی پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی راگەیاند، کە زانیاریی پێشمەرگە و تیمە تەندروستییەکانی وەزارەتەکە لەخۆدەگرێت و بەڕێوەبردنی کاروباری پزیشکی لە ئاشتی و شەڕدا ئاسانتر دەکات.
 
ستیڤن بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لەبەردەم ئامادەبووانی بۆنەکە گوتی، "پلاتفۆرمەکە بەشێکە لە هەوڵەکانمان بۆ بەپیشەییکردن و نەهێشتنی کاریگەریی حیزبی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە، تاوەکو هێزێکی کاریگەری شەڕکەر دروست ببێت، هێزێک کە لەژێر فەرمانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، نەک حیزبە سیاسییەکان."
 
ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی لە هەوڵەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.
 
بۆ پشتیوانیکردن لە چاکسازییەکان، وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەیلوولی ساڵی 2022 یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و دواتر لە سەرەتای 2024 نوێیان کردەوە.
 
یاداشتنامەکە نەخشەڕێی یەکخستنەوە، سەردەمیانەکردن و پیشەییکردنی وەزارەتی پێشمەرگە دیاری دەکات.
 
بیتنەر گوتی، "لەپاڵ هەوڵەکانمان بۆ بەناحیزبیکردنی پێشمەرگە، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە رێگەی ئاستبەرزترین راهێنان، سەرچاوە و دامەزراوە پزیشکییە سەربازییەکانی ئەمریکاوە، پشتیوانیمان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە."
 
بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و هۆڵەنداش لەپاڵ ئەمریکا، پشتگیری لە چاکسازییەکان دەکەن.
 
یەکێک لە هەوڵەکان یەکخستنەوەی یەکەی 70ی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکەی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
 
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کە ئامادەی بۆنەکە بوو، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا، ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا 138 هەزار پێشمەرگە لە 11 فیرقەی سەر بە دوو هێزی پشتیوانیدا تۆمار کراون. ئەو دوو هێزە لەژێر فەرمانی دوو فەرماندەیی ناوچەیی جیادا دەبن کە لە کۆتایی پار پێکهێنانیان راگەیێندرابوو.
 
پێش ئەوە، شۆڕش ئیسماعیل بە ئامادەبووانی بۆنەکەی گوت، "هەموو کات هەوڵەکانمان لە پێناو سەرخستنی چاکسازی بووە لە وەزارەتی پێشمەرگە. بە ویست و ئیرادەیەکی بەهێزی کوردستانییەوە، وەک تیمێکی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە کارمان کردووە، هەر ئەوەش رێگە دروست و نیشتمانییەکەیە."
 
بە گوتەی وەزیری پێشمەرگە، هەوڵەکانیان بۆ چاکسازی، "دەرئەنجامی گەورەی هەبووە بۆ بەرەوپێشچوون و بەهێزکردنی ژێرخانی سەربازیی پێشمەرگە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە