وەزیری پێشمەرگە لەبارەی دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی: هاوپەیمانان و ئەمریکا بەڵێنیان داوە

28-04-2025
پەیمان محەممەد
هێزێکی وەزارەتی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
هێزێکی وەزارەتی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکان لە وەزارەتەکە قۆناخی باشی بڕیوە. گوتیشی، لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمریکاوە، بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کوردستان، بەڵێن بە وەزارەتی پێشمەرگە دراوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28-04-2025 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاند، "لە پرۆسەی چاکسازیدا هەنگاوی گەورە نراوە و وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە."
 
بە گوتەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێت بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئەمریکا کردوویەتی، لە کۆتایی 2026 پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە و کۆکردنەوەیان لەژێر چەترێکدا بە ئەنجام بگەیێنێت و یەک هێزی یەکگرتووی کوردستانی پێکبهێنرێت.
 
"هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی توانا سەربازییەکانمان دەدەین"
 
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی درۆن لە هاوپەیمانان وەڵامی پرسیارێکی پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، "وەزارەتی پێشمەرگە لە هەموو بوارەکاندا بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی توانا سەربازییەکانی لە هەوڵی بەردەوامدایە."
 
شۆڕش ئیسماعیل زیاتر لەسەر پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە قسەی کرد و بە پەیامنێری رووداوی گوت، "یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە و رۆژانە هەنگاوی گەورەی بۆ دەنرێت."
 
ئەمریکا و هاوپەیمانان مانگانە بڕە پارەیەک وەکو هاوکاری بۆ لیوا پیادەکانی وەزارەتی پیشمەرگە دەنێرێت. وەزیری پێشمەرگە لەبارەی بەردەوامبوونی هاوکارییەکە گوتی، "هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە، شتێکمان نەبیستووە کە کێشەیەک لە هاوکارییەکاندا هەبێت، بەڵکو بەردەوامبوونی دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە هێزی پیشمەرگەی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازیدا بەردەوام بێت."
 
"هێزەکانی پیشمەرگە لە 11 فیرقەی پیادەدا رێکدەخرێنەوە"
 
شۆڕش ئیسماعیل جەختی لەوە کردەوە، "پێویستە بە هەنگاوی جدی لە یەکگرتنەوەی هێزەکان بەردەوام بین و هەوڵ بدرێت یەک هێزی یەکگرتووی نیشتمانی هەبێت، پێموایە ئەمە توانایەکی ئەوتۆ بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدات، کە پشتیوانیی زیاتر لە هەموو رووەکانەوە بۆ خۆی دابین بکات، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە."
 
بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە بڕیاری پێکهێنانی 11 فیرقەی پیادە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دراوە. وەزیری پیشمەرگە دەڵێت، "ئەو 138 هەزار پێشمەرگەیەی بڕیار دراوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێکبهێنن، لە 11 فیرقە و دوو هێزی پشتیوانیی یەک و دوو، لەگەڵ دوو فەرماندەیی ناوچەیی سەربازیدا پێکدەهێندرێت، کە تاوەکو ئێستا 6 فیرقەیان رێکخراونەتەوە."
 
وەزیرەکە دڵنیایی دەدات لەوەی لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆتایی بە پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەهێندرێت، "لە هەموو لایەکەوە ئیرادەی جدی هەیە ئەم هێزە ببێتە هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی."
 
لەبارەی دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "بێگومان هەنگاوی جدی نراوە و لەوبارەوە بەڵێن دراوە بە هێزی پیشمەرگە و کوردستان."
 
"مەترسیی داعش بەردەوامە"
 
شۆڕش ئیسماعیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە مەترسییەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "مەترسیی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوامە، لەوانەیە داعش تاکتیکی خۆی گۆڕیبێت، راستە لاواز بووە، بەڵام ئایدیۆلۆژیا و بیرۆکەی داعش هەر بەردەوامە."
 
بەگوتەی وەزیری پێشمەرگە، وەزارەتەکە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگییەکی باشیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراقی هەیە و پشتیوانیی هەواڵگریی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیش کاریگەریی زۆریان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.