چارەنووسی 300 شەڕڤان نادیارە؛ دایکان لە قامیشلۆ داوای منداڵەکانیان دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ڤیڤیان فەتاح
دایکی یەکێک لە شەڕڤانە دیلەکان
دایکی یەکێک لە شەڕڤانە دیلەکان
A+ A-

رووداو - قامیشلۆ

لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قامیشلۆ، دایکانێک کۆبوونەتەوە کە پرسەکەیان "پرسی جەرگسووتانە"؛ ئەوان چاوەڕێی هەواڵێکی منداڵەکانیانن کە وەک شەڕڤانی هەسەدە لای حکومەتی کاتیی سووریا دیلن و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
 
شەریحان حەسەن، دایکی دوو دیل و ئاوارەی عەفرینە، ئێستا لە قوتابخانەیەکی قامیشلۆ لەگەڵ 9 کەسی دیکە لە ژوورێکدا دەژیت. ئەو دەڵێت، "هەردوو منداڵەکەم لە کێڵگەی سەورە لە رەقە دیل کران؛ هەواڵی کوڕەکەمم هەیە و لە ڤیدیۆیەکی حکومەتدا بینیم، بەڵام هیچ هەواڵێکی کچەکەمم نییە و نازانم ماوە یان مردووە."
 
شەریحان کە بەو ئومێدەوە لە قامیشلۆ ماوەتەوە تاوەکو منداڵەکانی بگەڕێنەوە، رەتیدەکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ عەفرین و دەڵێت، "چۆن بەبێ منداڵەکانم بگەڕێمەوە؟ تاوەکو ئەوان نەیەنەوە، ناوی خۆم بۆ گەڕانەوە تۆمار ناکەم."
 
نەجلا محەممەد عەلی، دایکی شەڕڤانێکی دیکەی دیلکراوە، لە تەنیشت دیوارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت، "4 مانگە دەنگیم نەبیستووە، تەنیا دەمانەوێت بگەڕێنەوە؛ زۆر بیریان دەکەین."
 
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێشتر رایگەیاندبوو کە 1070 دیلیان لای حکومەتی کاتیی سووریا هەیە. لەو ژمارەیە نزیکەی 800 کەسیان ئازاد کران، بەڵام هێشتا 300 شەڕڤانی دیکە ماونەتەوە.
 
بڕیار بوو لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا ئەو 300 شەڕڤانەش ئازاد بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە راگیراوە و هیچ کاتێکی نوێش بۆ ئازادکردنیان دەستنیشان نەکراوە، ئەمەش نیگەرانیی لای خێزانەکانیان دروست کردووە کە رۆژانە چاویان لە رێگەی گەڕانەوەی رۆڵەکانیانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە