رووداو - کەرکووک
قۆناخی دووەمی رێککەوتنی هوتێل رەشید بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک چووە واری جێبەجێکردنەوە؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبری پۆستی پارێزگار، پۆستی قایمقامی قەزاکانی کەرکووک و داقووقی وەرگرت، بەڵام وەرگرتنەوەی پۆستە ئەمنی و کشتوکاڵییەکان دواکەوتووە.
بڕیار بوو لەگەڵ دەستاودەستکردنی پۆستی قایمقام، پۆستەکانی بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری کشتوکاڵیش بە کورد بدرێنەوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هیچ ئاڵوگۆڕێک لەو دوو پۆستەدا نەکرێت.
ئاڤێستا شێخ محەممەد، قایمقامی نوێی کەرکووک لە پشکی یەکێتی رایدەگەیێنێت، "لە کۆتاییدا کەرکووک و ئەو لایەنە زەرەرمەند دەبن کە رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکەن؛ هیچ کەسێک ناتوانێت لەو رێککەوتنە لابدات. ئێمە هەر بەبێ ئەو رێککەوتنە پۆستەکانمان رادەست کرد و ئەم پۆستەمان وەرگرت؛ ئەوەی ئێستاش لەسەری کۆکن، بە دڵنیاییەوە جێبەجێ دەکرێت."
بەرەی تورکمانی کە پێشتر دژی رێککەوتنی هوتێل رەشید بوو، ئێستا بووەتە بەشێکی سەرەکی لێی. تورکمانەکان جگه لە پۆستی پارێزگار، پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبا و تەندروستییان وەرگرتووە و ئێستا داوای پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵیش دەکەن.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێکهاتەی تورکمان دەڵێت، "لە بنەڕەتدا ئەو فەرمانگانە پشکی پێکهاتەی تورکمانن، وەک بەڕێوەبەری کارەبا، تەندروستی و تەنانەت کشتوکاڵیش؛ پۆستی پارێزگاریش تاکە پۆستی باڵایە کە پێکهاتەی تورکمان وەریگرتووە."
لایەنە عەرەبییەکان چاوەڕێی سەرساڵ دەکەن و تاوەکو ئەو کاتە بە نیاز نین دەستبەرداری هیچ پۆستێکی دیکە بن؛ بۆ رادەستنەکردنی پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسیش، هۆکارەکەی بۆ بڕیاری بەغدا دەگەرێننەوە.
رەعد ساڵحی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هاوپەیمانیی تەقەدووم دەڵێت، "بابەتی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بابەتێکی فیدراڵییە و پەیوەستە بە وەزارەتی ناوخۆوە؛ ئێمە وەک لایەنە عەرەبییەکان ئامادەین ئەو پۆستە بدەین، بەڵام گۆڕینی فەرماندەی پۆلیس لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆدایە."
یەکێتی لە رێککەوتنی هوتێل رەشیددا، بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەستبەرداری 17 پۆستی جیاواز ببوو؛ ئێستا کە پۆستەکەی رادەست کردووەتەوە، پۆستی دوو قایمقام، جێگری پارێزگار و 3 راوێژکاری پێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ