رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، سبهی لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە له ههردوو سایدی سلێمانی - دووكان، كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ سەرپێچیی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل تۆمار دهكهن.
رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئایاری 2023، هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شۆفێران ئاگادار دەکەنەوە کە دوای هەفتەیەک لە کارکردنی کامێراکانی هاتووچۆی تۆمارکردنی تیژڕۆیی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ بەشێوەی تاقیکاری، سبەی دووشەممە لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە بە فەرمی دەکەونە کار و سەرپێچی تۆمار دەکەن.
هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، کارپێکردنی کامێراکانی تیژڕۆیی بهگوێرهی بڕیاری ئهنجوومهنی وهزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 79ـی ساڵی 2016ـەیە.
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچهر بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە بەشێوەی پۆینت تو پۆینت کار دەکەن، بەڵام هاتووچۆی سلێمانی هەفتەی رابردوو رایگەیاند، کامێراکان وەکو کامێرا ناجێگیرەکانی رابردوو کار دەکەن و تەنیا لەو کاتەدا سەرپێچی تۆمار دەکەن کە ئۆتۆمبێل بە خێرایی زیاد لە دیاریکراو بەلایدا دەڕوات نەوەکو بەگوێرەی کات.
ئەمساڵ لە چەند شەقامێکی هەولێر کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کەوتنەکار؛ هاتووچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، لەمەودوا کاتێک شۆفێر سەرپێچیی خێرایی دەکات و تۆمار دەکرێت مۆبایلی بەکار هێنابێت، یان پشتێنی سەلامەتی نەبەستبێت بۆ ئەوانەش بەجیا سزا دەدرێت، بەڵام هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئەوان هێشتا ئەو سیستمەیان کارانەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ