رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگی "بەو کەسانەی ئێستا یەکێتی بەڕێوەدەبەن" دەڵێت، "تا کار لە کار نەترازاوە ئەو هەڵەیەی کردووتانە راستی بکەنەوە."
لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا کە خۆی بە "هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان" ناساندووە دەڵێت: "دەرفەت ماوە لەبەردەم ئەوانەی کە ئێستا یەکێتی بەڕێوەدەبەن. ئەو سیاسەتە هەڵەیەی کە ئێستا پەیڕەوی دەکەن، هەمان ئەو سیاسەتە کۆنەیە کە دەگوترا (ئەگەر پێمان چاک نەکرێت دەتوانین تێکی بدەین)، ئێمە لەسەر ئەوە بەردەوام رەخنەمان دەگرت."
وەک لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، "تکایە تاوەکو کار لە کار نەترازاوە ئەو هەڵەیەی کە کردووتانە راستی بکەنەوە. چونکە ناکرێت رقی شەخسی ئێوە لە یەکتری ببێتە مایەی لەباربردنی ئەم ئەزموونە."
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوون، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
دواتر لاهوور شێخ جەنگی بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەدژی بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.
رۆژی 28-08-2022 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی هەمواری پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە کرا و پەیڕەوێکی نوێ پەسندکرا، کە تێیدا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشێنرایەوە.
دواتر بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەكێتی بەربژێرکرد و بە دەنگی 89 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکی یەکێتی دەستنیشانکرا.
رۆژی 22-2-2023 لاهوور شێخ جەنگی، خۆی بە "هاوسەرۆکی یەکێتی" ناساند و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "دوای ساڵ و نیوێک لە پشوودرێژی، سەرەنجام بە بڕیاری دادگا هەموو مافە سیاسییەکانمان بۆ گەڕایەوە کە بە شەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە دەنگی ئەندامان و کادری دڵسۆزی یەکێتی بەدەستمان هێنابوو، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست دەکەینەوە بە چالاکییە سیاسییەکانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ