رووداو دیجیتاڵ
لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر، بەهۆی دەستڕێژی گولـلەوە هاونیشتمانییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندارکرا.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی گشتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لەسەر شەقامی 100 مەتری بووە و دوو کەس تەقەیان لێکراوە بەناوەکانی شەهاب و سەربەست، لە ئەنجامدا شەهاب کوژراوە و سەربەستیش بریندارە.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هۆکاری رووداوەکە روون نییە؛ هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو چووە شوێنی رووداوەکە و قسەی لەگەڵ شاهێدحاڵێک کرد، ئەو شاهێدحاڵە گوتی، گوێیان لە دەنگی تەقە بوو، لە شێوەی کڵاشینکۆف بوو، چونکە 8-9 تەقەی کرد و شۆفێرەکە لە ترافیکی سووری داوە و نەوەستاوە.
یەکێکی دیکە لە شاهێدحاڵانی رووداوەکە باسی لەوە کرد، تۆمەتبارەکە هەشت تەقەی کرد و زوو رایکرد، یەکێک گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەش بە برینداری لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزی و دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و تەرمی قوربانییەکەش براوەتە دادپزیشیکی. تۆمەتبار یان تۆمەتبارانی رووداوەکە دەستگیرنەکراون و هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دەستگیرکردنیان.
برینداری رووداوەکە ناوی سەربەست ئەمیرە، لە نەخۆشخانە قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەسدا نەبووە و هۆکاری تەقەکردنەکە نازانن.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیس، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ