رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرميی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا کۆبووەوە و دەڵێت، بەردەوام دەبن لە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-05-2025، کرا. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کرد و گوتی، "ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت".
هەروەها مەسرور بارزانی "پشتیوانیی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە گرنگ وەسف کرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستمی فیدڕاڵی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان".
19ـی ئایارى 2025، لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو گرێبەست لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە ناوەکانی وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کران کە تایبەتن بە کەرتى گاز.
بۆ زانینی وردەکاری و زانیاریی لەسەر گرێبەستەکە، کلیک لەم لینکە بکە.
مەسرور بارزانی باسی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لە واشنتن کرد و گوتی، "لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا، هەردوو لایەن جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیی دانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق".
لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی ئەمریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات کردەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە مارکۆ رۆبیۆ، "ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو".
لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، حکومەت جەختی کردەوە کە "هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، کە رۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدراڵی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەمووان، کە بەداخەوە بەهۆی راگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ