نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ روبیۆ: پابەندبوونم بە هاوبەشی بەهێز لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە

28-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی و مارکۆ روبیۆ بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشهاتەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکەمان تاوتوێ کرد." وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بە "بەرهەمدار" ناودەبات.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 28-05-2025، نێچيرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوه‌ پێگه‌یشت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا هه‌ردوولا جەختیان له‌ "بره‌ودان به‌ پەیوەنديی ستراتیژيی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها باسيان له‌ هاريكاريى بوارى ئابوورى، وزه‌ و گرنگيی بەردەوامبوونی هەماهەنگیى نێوانيان کرد بۆ پشتگيريى سەقامگیری و ئارامى لە عێراق، سووریا و ناوچەکە به‌گشتی."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "پێزانینم هەیە بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمشەوی وەزیر روبیۆ".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە دەڵێت، "پابەندبوونی هاوبەشم بۆ ئاشتی، سەقامگیری و هاوبەشیی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا "سوپاس"ـی نێچيرڤان بارزانی کرد بۆ "رۆڵ و هەوڵەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەكانى نێوان حکومەتی عێراقى فيدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆی بنیاتنەرانه‌وە."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، روبيۆ جەختی لەوە کردووەتەوە "بەردەوامیی پشتگيريی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، به‌ بنەمایەکی سەرەکيی پەیوەنديی ستراتيژيى ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراقدا دەمێنێتەوە."
 
هەروەها ‎مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەبوو. هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆکاری سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەش بەگشتی. هاوبەشی گرنگ لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا سوود بە گەلانی عێراق و ئەمریکاش دەگەیێنێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە