رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی کۆماریی قەزای خورماتوو، ئاگر لە ماڵی هاونیشتمانییەکی کورد کەوتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزاکە رایگەیاند، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە تەقینەوەی پاتریی سیستمی وزەی خۆر بووە و جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
لیوا حوسێن عەلی، فەرماندەی پۆلیسی قەزای خورماتوو، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو ماڵە سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبایان لە وزەی خۆر داناوە. ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، 27ی ئایاری 2025 یەکێک لە پاترییەکانی ئەو سیستمە لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەدا تەقیوەتەوە و ئاگری لێکەوتووەتەوە."
فەرماندەی پۆلیسی قەزای خورماتوو دووپاتیکردەوە، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، تەنیا زیانی ماددی هەبووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە.
لیوا حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، ماڵەکە هی هاونیشتمانییەکی کوردە بەناوی ئاکۆ عیزەدین ئیسماعیل، تاوەکو ئێستا خاوەن ماڵ سکاڵای تۆمار نەکردووە، "بەو پێیەی لە کاتی دانانی سیستمەکەدا رەچاوی رێکارەکانی سەلامەتی نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ