کوردستان
دەستی کەسێک لەنێو ئاوێکەوە دەرهاتووە، وەکو ئاماژەیەک بۆئەوەی خەریکە بخنکێت. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە و دروستکراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری نوورئاوای سەر بە پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو منداڵ لەنێو دەریاچەی پارکێکی شارەکەدا خنکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025 رەزا سەلامەتی، قایمقامی دڵفان رایگەیاند، رووداوەکە شەوی رابردوو لە پارکی عەلی ئاباد-ی شاری نوورئاوا، ناوەندی قەزای دڵفان بووە.
قایمقامی دڵفان گوتی، هەردوو منداڵەکە خەڵکی گوندی چەشمە خانین کە نزیکە لە پارکی عەلی ئاباد، "وادیارە منداڵەکان بە تەنیا و بێ ئەوەی کەسیان لەگەڵدا بێت، چوونەتە نێو پارکەکە و لە دەریاچەی پارکەکەدا خنکاون."
رەزا سەلامەتی گوتیشی، "دوای چەندین کاژێر گەڕان، تەرمی ئەو دوو منداڵە لە نێو دەریاچەی پارکەکە دۆزرانەوە."
قایمقامی دڵفان دەڵێت، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی خەڵک، تیمەکانی فریاگوزاری و فریاکەوتن دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دوای دۆزینەوەی تەرمەکان، هەوڵیان دا هەردوو منداڵەکە بگەڕێننەوە بۆ ژیان، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون.
بە گوتەی قایمقامی قەزای دڵفان، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان سەبارەت بە چۆنیەتی روودانی ئەم رووداوە و وردەکارییەکانی دەستپێکردووە و دواتر بۆ رای گشتی رادەگەیێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ