دوایین زانیاریی لەبارەی سلێمان هەڵشۆیی ئاشکرادەکرێت

28-06-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن سلێمان هەڵشۆیی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوایین زانیارییەکان لەبارەی دۆسێی سلێمان هەڵشۆیی ئاشکرادەکات و دەشڵێت "تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 50 کەس سکاڵایان لە دژی سلێمان هەڵشۆیی تۆمارکردووە."
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 83 تۆمەتبار بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە 75 کەسیان بە کەفالەت ئازادکراون.
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو کەسانەی بە کەفالەت ئازادکراون، لەنێوان سێ ملیۆن بۆ 30 ملیۆن دیناری عێراقیان لێوەرگیراوە و لێکۆڵینەوەکانیش لە رووداوەکە بەردەوامە.
 
سلێمان هەڵشۆیی، کە وەک بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و رۆژی 20-12-2020  مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە. 
 
بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل، سلێمان هەڵشۆیی و 7 کەسی دیکە تاوەکو ئێستا لە زیندانن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. دەشڵێت "تەندروستیی سلێمان هەڵشۆیی زۆر باشە و ئەوانەیشی لەگەڵیدان تەندروستییان جێگیرە."
 
بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 50 سکاڵا لە دژی سلێمان هەڵشۆیی تۆمارکراون. 
 
بڕیارە پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین هەفتەی داهاتوو کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سەبارەت بە دوایین زانیارییەکان لەسەر دۆسێی سلێمان هەڵشۆیی ئاشکرابکات. 
 
مانگی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان رایکردووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە رەتکردەوە کە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان رایکردبێت و دەڵێت، "ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە."
 
سلێمان ئیسماعیل سلێمان ناسراو بە "سلێمان هەڵشۆیی"، بەشێوازی قیست ئۆتۆمبێل، دەمانچە، ئاژەڵ و کەلوپەلی دیکەی وەرگرتووە و پێی گوتوون، دوای چەند مانگێک پارەیەکی زیاتریان دەداتێ.
 
کاتێک بەهای ئۆتۆمبێلی کەسێک 10 هەزار دۆلار بووە، سلێمان بە 15 هەزار دۆلار وەری گرتووە، بەڵام بەو مەرجەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا بۆ نموونە؛ چوار مانگ پارەکەیان پێبدات. دوای ئەو مامەڵانە سلێمان هەڵۆشیی بە گوتەی خۆی زیانێکی زۆری کردووە و بۆیە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵی کردبوو گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە