رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، کە دەکاتە 10ی مانگی (ذو الحجة)ی 1444ی کۆچی، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان لەگەڵ خۆرهەڵاتن نوێژی جەژن بە کۆمەڵ لە مزگەوتەکان دەکەن، جەژنە پیرۆزە لە یەکدی دەکەن و قوربانی دەکەن.
لە هەرێمی کوردستانیش، لە گوند و شارە جیاجیاکان لەگەڵ خۆرهەڵاتن موسڵمانان روویان لە مزگەوتەکان کرد و نوێژی جەژنیان کرد و گوێبیستی گوتاری جەژن بوون. دواتر جەژنە پیرۆزەیان لەیەکدی کرد و داوای گەردن ئازاییان لەیەکدی کرد. دوای ئەوەش، دەستیان بە قوربانیکردن کرد.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەدوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی کە بۆ ئەم جەژنە "ژمارەیەکی زۆری گەشتیار هاتوونەتە شاری هەولێر" ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئارامی و ئاساییشی شارەکە. پارێزگاری هەولێر، هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد لەکاتی قوربانیکردندا رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکەن و ژینگە بپارێزن.
وەکو نەریتێکی جەژن لە کوردستان، خەڵکی لەدوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن، بۆ نانی بەیانی بە کۆمەڵ دەچنە چەند ماڵێک و بەیەکەوە نانی بەیانی دەخۆن. لە گوندی هرووری سەر بە قەزای ئامێدیش لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ ئەم جەژنەش خەڵکی ئەو نەریتەیان زیندوو کردەوە و لە ماڵێک کۆبوونەوە و نانی بەیانییان بە یەکەوە خوارد و دواتر بەیەکەوە ماڵ بە ماڵ لەنێو گوندەکەدا دەگەڕێن و جەژنە پیرۆزە لە دانیشتووانی گوندەکەیان دەکەن.


هاتنی جەژنی قوربان هاوکاتە لەگەڵ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لای موسڵمانان. لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، حاجیان بەرەو مینا و جەمارە بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی رەجمی ئەهریمەن بکەن و دواتر قوربانی دەکەن. لە چوارەم رۆژی حەجکردن تاوەکو رۆژی شەشەم، حاجیان پرچی خۆیان کورتدەکەنەوە و بەرگی ئیحرام دادەکەنن. دواتر دەگەڕێنەوە کەعبە بۆ ئەوەی تەواف بکەن و جارێکی دیکە رەجمی ئەهریمەن بکەن و بە تەوافی ماڵئاوایی کۆتایی بە رێوڕەسمەکانی (مناسک)ی حەج دێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ