رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێک لە قەزای شێخان 16 ساڵە پەتاتە دەچێنێت. ناوبانگی بەرهەمەکەی دەنگی داوەتەوە و سێ رۆژ پێش ئێستا وەک ئەفسانەی بەرهەمهێنانی پەتاتەی (ریڤێرا) لە عێراق دەستنیشان کرا.
جووتیارەکە ناوی بەشیر جەلالە و لە گوندی زیناڤای قەزای شێخان کشتوکاڵ دەکات. بەشیر 16 ساڵە ئەم کارە دەکات، سەرەتا لە رووبەرێکی کەم کاری دەکرد، بەڵام ئێستا 250 دۆنم زەوی بە پەتاتە دەچێنێت.
بەشیر جەلال دەڵێت، "ساڵی یەکەم کە چاندم، هاتن بۆ لام و بینییان ئەم پەتاتەیە یەکەمە. ساڵی دووەمیش هاتنەوە و هەر یەکەم بوو. دوای زیاتر لە 6 ساڵ، گوتیان تەواو، تۆ دەبێت لەسەر ئاستی هەموو عێراق یەکەم بیت. رۆژانە سەردانی کێڵگەی پەتاتەکانم دەکەم بۆ ئاودان و دەرمانی کیمیایی و چاودێریکردن."
ریڤێرا جۆرێکی پەتاتەی هۆڵەندییە و لە ساڵی 2010ـەوە لە هەرێمی کوردستان دەچێنرێت. ساڵانە 300 جووتیار نزیکەی 600 تۆن تۆوی جۆری ریڤێرا لە سەرتاسەری عێراقدا دەچێنن. تاوەکو ئێستا لە رووی بڕ و کوالێتییەوە، کەسیان نەگەیشتوونەتە ئاستی بەشیر، ئەمەش بەپێی قسەی ئەو کۆمپانیایەی کە تۆوەکەیان بۆ دابین دەکات.
حەسەن حیلمی، نوێنەری کۆمپانیایەکەیە و دەڵێت، "ئێمە پشتڕاستی دەکەینەوە کە بەشیر یەکەمە و هەمیشە وەک نموونە بۆ جووتیارەکانمانی دەهێنینەوە."
بەشیر جگە لە ریڤێرا، 6 جۆری دیکەی پەتاتەش دەچێنێت. لە چاندنی ئەو جۆرانەشدا یەکێکە لە جووتیارە یەکەمەکانی ناوچەکە.
کەمال عارف، سەرۆکی سەندیکای جووتیارانی شێخانە و ئاماژە بەوە دەدات، "نزیکەی 600 جووتیارمان هەیە، بەڵام جووتیاری وەک کاک بەشیر تەنیا 11 بۆ 12 کەسن، بەڵام کاک بەشیر لە هەموویان جیاوازە."
ساڵانە نزیکەی 50 هەزار دۆنم پەتاتە لە پارێزگای دهۆک دەچێنرێت و بەرهەمەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 600 هەزار تۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ