منداڵێکی بەهرەمەند: حەز دەکەم لە داهاتوودا ببمە زانای کیمیا

28-07-2022
نزار جەزا
نزا بەکر، منداڵی بەهرەمەند کە ئاستی زیرەکییەکەی بە ٪125 دەخەمڵێنرێت
نزا بەکر، منداڵی بەهرەمەند کە ئاستی زیرەکییەکەی بە ٪125 دەخەمڵێنرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ ئاستی زیرەکییەکەی 125٪. ئەو دەتوانێت کۆمەڵێک کتێب بخوێنێتەوە کە بۆ تەمەنی سەروو خۆی دەبێت و تێگەیشتنی لە بابەتەکان خێراترە.
 
دایکی نزا دەیەوێت منداڵەکەی لە قوتابخانەیەکی تایبەت بە بەهرەمەندان بخوێنێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی قوتابخانەی حکومی دەبێت لە قوتابخانەی تایبەت بخوێنێت، کە ساڵانە نزیکەی چوار هەزار دۆلاری پێویستە.
 
نزا بەکر دەڵێت، "کاتەکانم دابەشکردووە، مۆبایل بەکاردێنم و کتێبیش دەخوێنمەوە، ئێستا کتێبێک دەخوێنمەوە، کە ناوی باڵندە سەرسوڕهێنەرەکانە، باسی فڕین و داهێنانی فڕۆکە دەکات. حەزدەکەم لە داهاتوودا ببمە زانای کیمیا یان پزیشکی ئاژەڵان."
 
کوێستان ئەحمەد، دایکی نزا دەڵێت، "هەست دەکەم منداڵەکەم زوو تێدەگات، بەیەکجار تێدەگات، هەر کتێبێک بخوێنێتەوە هی تەمەنی سەروو خۆیەتی."
 
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بەو خێزانە داوە، منداڵەکەیان بنێرێتە قوتابخانەیەکی تایبەت بۆ خوێندن.
 
ئەفرام محەمەد، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێت، هەرکەسێک ئاستی ژیرییەکەی بەو جۆرەبێت، دەبێت لە قوتابخانەیەکی تایبەت بخوێنێت، بۆئەوەی بتوانێت چێژ لە خوێندن وەربگرێت و لە پۆلدا بێزار نەبێت. هەروەها دەشڵێت، بە گوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکەی دەرکەوتووە ئاستی زیرەکیی نزا ٪125.
 
لە چەند ساڵی پێشوو هەندێک خوێندکار هەبوون، کە دوو قۆناخی خوێندنیان بە ساڵێک دەبڕی، بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پاش ئەوەی دەرکەوت لەگەڵ گەورەبوونیاندا توانایان دادەبەزێت، بۆیە ئەو پرۆسەیە هەڵوەشاوەتەوە.
 
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "راستە، ئێستا منداڵێک زیرەکە و وزەیەکی زۆری هەیە، بەڵام لەوانەیە لە قۆناخێکدا ئەو ئاستەی دابەزێت، بۆ ئەمەش پێشتر قوتابخانەی تایبەتیان هەبوو، بەڵام گرفت دروستبوو و کەسوکاری منداڵەکانیش داوایان دەکرد منداڵەکەیان بگەڕێنینەوە قۆناخی پێشتری".
 
لە هەرێمی کوردستان سێ قوتابخانەی تایبەت بە بەهرەداران هەن، ئەوانیش لە قۆناخی حەوتی بنەڕەتییەوە خوێندکار وەردەگرن، ئەو خوێندکارانەی لە خوار ئەو قۆناخەن دەبێت لە قوتابخانەی ئاسایی بخوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک تووشی پەتا بووە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە.

ئەنفلەوەنزا دەوامی قوتابخانەکانی ورمێی راگرت؛ سبەی پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەنفلەوەنزا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.