رووداو دیجیتاڵ
باوکێک لە کەرکووک لە ماڵەوە کچەکەى بە زنجیر دەبەستێتەوە. پۆلیسى شارەکە بەهانای کچەکە دەچن و بەڵێننامە بە باوکى پڕدەکەنەوە ئەو کارە دووبارە نەکاتەوە.
رۆژی 28ى تەممووزى 2023 عامر شوانى، گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "هێزەکانى پۆلیس بە هاناى کچێکەوە چوون، کە لەلایەن باوکیەوە لە ماڵى خۆیان بە زنجیر و قوفڵ بەسترابووەوە."
بەگوێرەى چەند وێنەیەک کە پۆلیسی کەرکووک بڵاویکردووەتەوە، لە بنکەى پۆلیس قوفڵ و زنجیرەکە لە قاچى ئەو کچە کراونەتەوە.
عامر شوانى گوتى: "ئەو رووداوە بەهۆى کێشەیەکى کۆمەڵایەتیەوە بووە، بەڵێننامە بە باوکى کچەکە پڕکراوەتەوە کە جارێکى دیکە ئەو جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ کچەکە نەکات، ئەگەرنا ئەو کچە دەبەنە سەنتەرى داڵدەدان."
بەپێی مادەى 41ى یاساى سزادانى عێراقى هیچ سزایەک لەسەر باوک نابێت ئەگەر مامەڵەیەکى هەبێت بۆ ئامۆژگاریکردنى هاوژین یان منداڵەکانى، ئەوە لەکاتێکدایە پڕۆژەیاسای رێگرى لە تووندوتیژى خێزانى لەپەرلەمانە و تاوەکو ئێستا پەسند نەکراوە، کە تێیدا سزاى تووندوتیژى خێزانى دیاریکردووە، کە یان پێبژاردن دەبێت یان بەندکردن دەبێت کە دەگاتە یەک ساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ