رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەمپی داودیە لە قەزای ئامێدی ئاگر لە کەمپی ئاوارەکانی شنگال کەوتەوە و زەرەر و زیانی گەورەی بە ئاوارەکان گەیاندووە.
پیر دەیان، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوئاهەنگی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی ئاگرەکەدا 17 کەرەڤانەی ئاوارەکان بە تەواوەتی سووتاون، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، پیر دەیان گوتی، تاوەکو ئێستا هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە دیار نییە و تیمەکانیان سەرقاڵی لێکۆلینەوەن.
بەڕێوەبەری ناوەندی هاوئاهەنگی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک گوتیشی، هەموو کەلوپەلی ناو کەرەڤانەکان سووتاون و 17 خێزان بێ ماڵ ماونەتەوە، تیمەکانیان لە هەوڵدان بەزووترین کات خێمە و پێویستییەکانیان بۆ دابین بکەن.

کەمپی داودیە دەکەوێتە سنووری ناحیەی بامەڕنێ لە قەزای ئامێدی و یەکێکە لەو 16 کەمپانەی دوای هێرشی داعش بۆسەر شنگال دروستکراوە و کوردانی ئێزدی تێیدا نیشتەجێکراون.
رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی ئاوارەکان نامۆ نین و هەر ناوە ناوە لە کەمپەکان رووداوی ئاگرکەتنەوە روودەدەن و بەشی هەرە زۆریشیان بەهۆی شۆرتی کارەباوە دروست دەبن.
لە ساڵی 2014ـەوە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال؛ نزیکەی 360 کەس لەو شارە ئاوارە بوون و تاوەکو ئێستا زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک لەنێو کەمپ و ناو شارەکان نیشتەجێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ