رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی یادی عاشورا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، "یادی بەئازاری عاشورا، بەرزنرخاندنێکە بۆ بەهاکانی قوربانیدان."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 28-07-2023 پەیامێکی لە تویتەر بەبۆنەی یادی عاشورا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "یادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لەسەر بێت) و یادی بەئازاری عاشورا، بەرزنرخاندنێکە بۆ بەهاکانی قوربانیدان و تێکۆشان لە پێناوی سەرخستنی راستی و رێزگرتنێکە لە بنەماکانی لێبووردەیی، برایەتی و نەهێشتنی تووندوتیژی."
هەر لەو پەیامەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم یادە و بەها شکۆدارەکانی وەکو هێمایەک بۆ مرۆڤایەتی و ترووسکەیەکی هیوا بۆ ستەمدیدە و چەوسێندراوەکان لە هەموو شوێن و کاتێکدا دەمێننەوە."
عاشوورا بە 10ی مانگی موحەڕەم، یەکەمین مانگی رۆژژمێری کۆچی دەگوترێت و لەلای شیعەکان بە رۆژی ماتەمینی دادەنرێت. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی شیعەکان، لەم رۆژەدا ئیمام حوسێن، کوڕی ئیمام عەلی، بە فەرمانی یەزیدی کوڕی معاویە لە کەربەلا لەگەڵ 73 کەس لە یاوەرانی شەهید کراوە.
شیعەکان، جگە لە ئێران، لە عێراق، سووریا، لوبنان، هیندستان و پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە بە لەخۆدان و ماتەمگێڕان یادی عاشوورا دەکەنەوە و بە گوتەی خۆشیان، لەخۆدان و ئازاردانی خۆیان لەم رۆژەدا بۆ ئەوەیە پەرۆشییان بۆ ئیمان حوسێن دەرببڕن و لە ئازارەکانی تێبگەن.
150 بۆ 200 ملیۆن پەیڕەوکاری شیعە مەزهەب لە جیهاندا هەن؛ هەموو ساڵێک لە دەیەمین رۆژی مانگی موحەڕەمی کۆچی یادی کوژرانی حوسێنی کوڕی عەلی، سێیەم ئیمامی شیعەکان دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ