رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقین لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان رایگەیاند کۆمپانیای Petoilـی تورکی کارمەندانی ئاگادارکردووەتەوە بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە هەفتەی داهاتووەوە کارەکانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چیاسورخ لە گەرمیان رادەگرێت، کە بەرهەمی رۆژانەی 1500 بۆ 2000 بەرمیلە.
رۆژی هەینی، 28-7-2023، سەردار محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقین لە ئیداری گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیای Petoilـی تورکی بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی چیاسورخ رادەگرێت."
سەردار محەممەد گوتی: "کۆمپانیاکە بە کارمەندانی راگەیاندووە لە هەفتەی داهاتووەوە زۆربەیان نەچنەوە سەر کارەکانیان، تەنیا ستافی ئەمنی نەبێت."
بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو، گوتیشی کۆمپانیاکە پێیانڕاگەیاندوون چەند جارێک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەتەوە و ئەوانیش ئاگاداری دۆخەکەن، ئێستا بە ناچاری بەرهەمهێنان رادەگرن.
کێڵگەی نەوتی چیاسورخ لە سنوورى ناحیهى قۆرهتوی ئیدارەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیا تورکییەکە لە ساڵی 2003ەوە لەو کێڵگەیە کار دەکات.
رۆژی 30-3-2023 ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆی گشتیی قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، گەیشتووەتە شەش ملیار دۆلار، کە 1.55 ملیار دۆلاری هی هەردوو کۆمپانیای ڤیتۆڵ و پێتراکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ