رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان داوای 5 ملیار و 121 ملیۆن دینار بۆ پاداشتی شەش مانگی خانەنشینی پەرلەمانتاران دەکات. سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت ئەو پارەیە بە هەڵە ناوی لێنراوە "ئیکرامییە"، دەشڵێت: "ئەوە کارێکی نایاسایی نییە."
رۆژی هەینی، 28-7-2023، مونا نەبی قەهوەچی، سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پێدانی 52 ملیۆن دینار وەکو پاداشتی خانەنشینی شەش مانگ بە هەر پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بابەتەکە پەیوەندیی بە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە نییە بەتەنیا، بەڵکو ئەوە رێوشوێنێکە حکومەت دەیگرێتەبەر و بەپێی رێنماییەکان رێکخراوە، هەر فەرمانبەرێک کە خانەنشین دەکرێت حکومەت مووچەی شەش مانگی خانەنشینی وەکو پاداشت دەداتێ، بۆیە ئەوە بۆ وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و فەرمانبەرانی ئاسایی-ش جێبەجێ دەکرێت."
مونا نەبی قەهوەچی روونیکردەوە، ئەو پارەیە حکومەت مانگانە لە مووچەی گشتیی پەرلەمانتاران بڕیویەتی و هەمووی کۆدەکرێتەوە و بەسەر یەکەوە پێیاندەدرێت وەکو هەر فەرمانبەرێکی دیکەی ئاسایی، واتە هەڵەیە ناوی ئیکرامییەی لێدەنرێت، چونکە ئەوە مووچەیە و پێشتر لە مووچەی فەرمانبەر یان پەرلەمانتارەکە دەبڕدرێت.
بەپێی نووسراوێک، کە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری دارایی لە سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمان بە ژمارە 3/8/1789 لە رۆژی 12-7-2023، رەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەناونیشانی "پارەدارکردن" کردووە، هاتووە: "تەمویلی حیسابمان ژمارە 36 لە بانکی قەڵات بکەن بە گوژمەی 5 ملیار و 121 ملیۆن و 900 هەزار دینار لەسەر بودجەی ساڵی 2023 بۆ خەرجکردنی پاداشتی شەش مانگی خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بەناوی بەڕێز رێواز فایەق حوسێن دەستپێدەکات و بەناوی هەڵکەوت ئەنوەر خەلیفە کۆتایی دێت."
نووسراوەکە لەلایەن ئەردەڵان محەممەد سەرسپی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە واژۆکراوە، ئەو پارەیەی داواکراوە بە دابەشکردنی بەسەر ژمارەی پەرلەمانتاراندا هەر یەکێکیان 46 ملیۆن دینار و 143 هەزار دیناری بەردەکەوێت، بەڵام هەر پەرلەمانتارێک بڕی 52 ملیۆن و 200 هەزار دینار وەردەگرێت، چونکە بەشێک لە پەرلەمانتاران کە دوو خول پەرلەمانتار بوون تەنیا یەکجار دەتوانن ئەو بڕە پارەیە وەربگرن.
سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان بەفەرمی وەرگرتنی ئەو پارەیەیان رەتکردووەتەوە، کە ئەوانیش کاوە عەبدولقادر، موژدە مەحموود، سیپان ئامێدی، شیرین ئەمین، بەڵام سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "هەرکەسێک رەتیدەکاتەوە دەبێت بە نووسراوی فەرمی دیوانی پەرلەمان ئاگاداربکاتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو هێشتا پەرلەمانتاران ئەو پارەیان وەرنەگرتووە، سێ پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێش رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەنووسراو داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن پارە نەخرێتە سەر هەژماری بانکییان، کە دەڵێن لە 6-11-2022ەوە دایانخستووە.
تەرخانکردنی ئەو پارەیە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بووەتە بابەتی سۆشیاڵ میدیا و بەشێک لە فەرمانبەران و مووچەخۆران کە مووچەی مانگی پێنجیان بەر لە 40 رۆژ لەمەوبەر وەرگرتووە، رەخنەی زۆریان لە تەرخانکردنی ئەو پارەیە بۆ پاداشتی خانەنشینیی پەرلەمانتاران گرتووە.
عەلی حەمەساڵح، یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانە، لە ئەکاونتی خۆیەوە لە سۆشیاڵ میدیا باسی بابەتەکەی کردووە و دەڵێت: "بەشێکی زۆری بڕی 35 ملیۆن 200 هەزار دینارم لە رێگای رێکخراوی هیوای هەژارانەوە داوەتە منداڵی بێ باوک، بڕی 17 هەزار دۆلار، کە ئەوکات 21 ملیۆن و 250 هەزار دیناری دەکرد داومانە بە نەخۆشخانەی هیوا بۆ کڕینی دەرزی و دەرمان، 52 ملیۆن و 200 هەزار دینارم وەرگرت، 56 ملیۆن 450 هەزار دینارم دا بەو دوو شوێنە، کە نیوەی کۆتا موچەی پەرلەمانتارییشم خستە سەری." عەلی حەمەساڵح، ئەو پارەیەی باسی دەکات لە دوای تەواوبوونی خولی چوارەم وەرگرتووە، کە ئەندامی هەمان خولیش بوو.
هاوکات، شیرین ئەمین، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان لەبارەی پارەکەوە دەڵێت: "ئێمە بەپێی یاسای چاکسازیی ساڵی 2020 خانەنشینی پەرلەمانتاریمان رەتکردووەتەوە، هاوکات ئەو 52 ملیۆن دینار ئیکرامیەیەش وەرناگرین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ