رووداو دیجیتاڵ
زۆرینەی تابلۆ و ریکلامەکانی شاری کەرکووک بە عەرەبی نووسراون و دەنووسرێن، تەنانەت ماڵپەڕی پارێزگاش تەنیا بە زمانی عەرەبییە. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردییش دەڵێت، "هەرێمی کوردستان وایکردووە خوێندن بە زمانی کوردی بەردەوام بێت."
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، "یەکنەبوونی کورد لە شارەکە کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی زمانی کوردی هەبووە."
نوێترین رێکار بەرامبەر زمانی کوردی
15ی تەمموزی 2025 بە نووسراوێک وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق وانەگوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە زمانی کوردی قەدەخە کرد.
بڕیارەکەی ئەو وەزارەتەی عێراق راستەوخۆ دژی زمانی کوردی بوو بەتایبەت لە کەرکووک، خوورماتوو، خانەقین، شنگال، مەخموور و ناوچەکانی دیکەی سنووری مادەی 140، چونکە لەو ناوچانە تاوەکو ئێستاش کورد زۆرینەیە و زمانی کوردی زمانی یەکەمی خەڵکە.
دوای 10 رۆژ لە ئاشکرا بوونی بڕیارەکە و کاردانەوەی تووندی کورد و هەرێمی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە، "ئەو بڕیارە کاری پێناکرێت و پاریش بە هەمانشێوە رامان گرتووە".
هاوکات، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، "پەیوەندیم بە وەزیری خوێندنی باڵای فیدراڵ کرد و بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەکەی دا و تاقیكردنەوەكان بە هەمان میکانیزمی ساڵانی رابردوو بەڕێوەدەچن."
ئەحمەد کەرکووکی: خەڵک ئازادە بە کوردیی لەسەر تابلۆکان بنووسێت
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئێستا لە زۆرینەی بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی کەرکووک، نووسینی سەر تابلۆی دووکانەکانیش عەرەبین و کەمترین تابلۆ بە زمانی کوردی لەسەری نووسراوە.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەندێک بابەت پەیوەندی بە رۆشنبیریی تاکی کوردەوە هەیە، نووسینی تابلۆی دووکان و شوێنە بازرگانییەکان خەڵک خۆی بە عەرەبی دەینووسێت، ئەگەرنا هیچ یاسایەک نییە بڵێ دەبێ بە عەرەبی بێت."
ئەحمەد کەرکووکی گوتی، "بەداخەوە یەکنەبوونی کورد لە کەرکووک وایکردووە کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر کورد و پرسی کورد دروستبکات، بێگومان کاریگەری خراپیشی لەسەر دۆخی زمانی کوردیی هەبووە."
لەبارەی نووسراوی تابلۆی فەرمانگە حکومییەکان، ئەحمەد کەرکووکی گوتی، "هەر لە پارێزگاوە تاوەکو زۆرینەی فەرمانگەکانی دیکە لەسەر تابلۆکان بە چوار زمان ناوی فەرمانگەکان نووسراوە، کە کوردی، عەرەبی، تورکمانی و سریانین."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی کورد پۆستی پارێزگاری وەرگرتەوە "شکۆی کورد زۆر بەرزبووەتەوە. ئێستا کورد شکۆیەکی دیکەی هەیە".
بە گوتەی ئەحمەد کەرکووکی، ئێستا لە هەموو فەرمانگەکانی کەرکووک زمانی کوردی کاری پێدەکرێ و هەر هاونیشتمانییەک بچێتە فەرمانگەکان ئەگەر زمانی عەرەبیش نەزانێت هیچ ئاستەنگییەک بۆ راییکردنی مامەڵەکانی دروست نابێت؛ گوتیشی، "فەرمانبەرە عەرەب و تورکمانەکانیش تێگەیشتنیان باشە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد دا."
ماڵپەڕی پارێزگای کەرکووک عەرەبییە
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە 16-12-2023 بەڕێوەچوو، بەراورد بە نەتەوەکانی دیکەی کەرکووک کە تورکمان و عەرەبن، کورد زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
لە 16 کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، یەکێتى بە 5 کورسی و پارتی بە 2 کورسی، حەوت کورسیی کوردیان مسۆگەر کرد، هەرچی کورسیی کریستیانەکانیشە بە نزیک و پاڵپشتی لە کورد دانرا، عەرەبەکانیش بە هاوپەیمانییەک 6 کورسی و تورکمانیش 2 کورسییەکەی دیکەیان بردەوە.
وێڕای گەڕانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد، کە 10ـی ئابی 2024 رێبوار تەها وەکو پارێزگار هەڵبژێردرا، تاوەکو ئەمڕۆ لە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک زمانی عەرەبی یەکەم و تاکە زمانە.
پەیجی فەرمیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش کە زیاتر لە 28 هەزار فۆڵۆوەرزی هەیە، بڵاوکراوەکانی تەنیا بە زمانی عەرەبییە، تەنانەت چالاکیی ئەندامە کوردەکانیش بە عەرەبی بڵاودەکەنەوە.
رووداو لەگەڵ دوو ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگا قسەی کرد، بە پاساوی جیا رایانگەیاند، ئاگایان لە ماڵپەڕ و پەیجی فەیسبووکی ئەنجوومەنی پارێزگا نییە کە زمانی کوردی تێدا نییە.
بەرپرسێکی ئاگادار لە راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاردەکەین بۆ زمانەکانی دیکە لە ماڵپەڕەکەدا و بە زووترین کات کوردی، تورکمانی و سریانی بۆ زیاد دەکرێت".
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگا، "دواکەوتنی زیادکردنی زمانی کوردی بەهۆی زمانی سریانەوە بووە کە تاوەکو ئێستا کەسیان بۆ ئەو بەشە تەرخان نەکردووە و نەشیانویستووە، تەنیا زمانی کوردی یان تورکمانی بەبێ سریانی بۆ ماڵپەڕەکە زیاد بکەن".
بەڵام رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و ئەندامانی کوردی دیکەی ئەنجوومەنەکە راگەیێندراو و چالاکییەکانیان بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاو دەکەنەوە.
خوێندنی کوردی لە کەرکووک: عێراق هیچ هاوکاریمان ناکات
لەگەڵ زمانەکانی دیکەدا، خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەخوێندرێت.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەواوی کارەکانمان بە کوردین، جگە لە هەندێک نووسراوی تایبەت کە بۆ بەغدا بنێردرێت بە عەرەبییە".
خوێندنی کوردی نزیکەی 100 هەزار قوتابی هەیە. کامەران عەلی گوتی، "لە خوێندنی کوردیدا ساڵانە 6000 قوتابی دەردەچن و دەچنە زانکۆ و پەیمانگەکان."
لەبارەی هاوکاریی خوێندنی کوردی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی، "هیچ هاوکارییەکمان ناکەن؛ لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان یان نۆژەنکردنەوەیان هیچ هاوکارییەک نەکراوین."
کامەران عەلی گوتی، "هەموو پشتیوانییەکمان لە راگرتنی خوێندنی کوردی بە هەموو پێداویستییەکانەوە، لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوەیە، تەنیا تاقیکردنەوەکانمان لەگەڵ بەغدایە."
"بەشێکی سەرەکیی قوتابییانی خوێندنی عەرەبی کوردن"
لە کەرکووک بە زمانەکانی عەرەبی و تورکمانیش دەخوێندرێن. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی گوتی، "بەشێکی زۆر هاونیشتمانی بە هۆکاری جیا منداڵ دەخەنە قوتابخانە عەرەبییەکان، ئەوەش بەو مانایە نییە دژی خوێندنی کوردی و کورد بن، بەڵام ئەوە بە باشتر دەزانن."
لە زۆرینەی گەڕەکە عەرەبنشینەکانی کەرکووک تەنیا قوتابخانەی عەرەبی هەن. ئەو کوردانەی لەو گەڕەکانەدان بەشێکیان ئەوە وەک ناچاری دەبینن کە منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندنی عەرەبی.
کامەران عەلی گوتی، "هەندێک خەڵک دەڵێن منداڵ دەخەنە خوێندنی عەرەبی بۆ فێربوونی زمانەکە، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەوانەی لە خوێندنی کوردی دەخوێنن فێری عەرەبییەکی باش و ئینگلیزیش دەبن".
ئاستەنگەکان بۆ زمانی کوردی لەکاتێکدان، بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، لەپاڵ زمانی عەرەبیدا، زمانی کوردی فەرمییە لە وڵاتەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ