رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند: ئەو کەسانەى لە رووداوەکەى 27ى تەمووزى بەغدا کوژران بەدەستى کەتائیبی حیزبوڵڵا بووە و داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات رێکار بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بە "بێ دواکەوتن ئەو تاوانبارانە و سەرکردەکانیان بدرێنە دادگە".
ئەمڕۆ دووشەممە 28ى تەمووزى 2025، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیێندراوێکى لەبارەى رووداوى رووبەڕووبوونەوەى 27ى تەمووز لە بەغدا بڵاوکردەوە کە تێیدا ژمارەیەک چەکدارى سەر بە دوو لیواى حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان رووبەڕووى یەکدی بوونەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو قوربانییانە دەکەین کە لە رۆژی 27ی تەمووز لە یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەغدا، لەسەر دەستی کەتائیبی حیزبوڵڵا کوژران، کە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی لەلایەن ئەمریکاوە پۆلێنکراوە و سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبییە".
رۆژی 27ى تەمووز هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەیەکی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا، ژمارەیەک چەکداری سەر بە دوو لیوای حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر فەرمانگەکە و بەهۆیەوە 14 چەکدارى هەردوو لیواى 45 و 46ى حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت: "خەمبارین بەو گیانلەدەستدانانە کە کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی و هاووڵاتییەکی سڤیلی بێتاوانی تێدابوو، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بەبێ دواکەوتن ئەو تاوانبارانە و سەرکردەکانیان بدرێنە دادگە. لێپرسینەوە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی سەروەریی یاسا و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کردەوە تووندوتیژییەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ